پۆلیسی هەولێر دوو باندی مەمەڵەكردن بە دۆلاری ساختەی بەناوی دۆلاری لیبییەوە دەستگیرکرد

دوو باندی مامەڵەکردن بە دۆلاری ساختە بەناوی دۆلاری بڵۆککراوی لیبی لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیرکران، کە مامەڵەیان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کردووە و دواتر بە زۆری چەک پارەیان لەوانە وەرگرتووە کە مامەڵەیان لەگەڵ کردوون.

هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دوو باندیان دەستگیرکردووە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مامەڵەیان بە دراوەوە کردووە بەناوی دراوی لیبی و دواتر بە چەک پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە، ئه‌ندامانى یەکێک لە باندەکان هەشت تۆمەتبار بوون و یەکێکی دیکەیان له‌ دوو تۆمەتبار پێكهاتبوو.

چەندین جارە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوەدەکاتەوە هیچ دۆلارێکی لیبی بلۆککراو لە هەرێمی کوردستان نییە و پۆلیسیش داوادەکات کەس بەو دەنگۆیانە هەڵنەخەڵەتێت بەناوی مامەڵەکردن بە دۆلاری لیبییەوە بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.

ئەو دۆلارانەی بەکارهێنراون لەلایەن دوو باندەکەوە، تەنها دوو دانەی ڕووکەشیان کۆپی 100 دۆلاری بوون و ئەوانەی دیکەی لەناوەڕاستەوە تەنها لاپەڕەی سپی بوون و پێچراونەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا حەوت باندی ڕێگریکردنیان دەستگیرکردوون، کە زیاتر لە 35 تاوانیان ئەنجامداوە و دانیانناوە بەتاوانەکانیاندا.

هۆگر عەزیز وتیشی، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە حەوت هەزار و 681 تاوان حەوت هەزار و 309 تاوانەکانیان یەکلاییکراونەتەوە و دوو هەزار و 755 تۆمەتباریان دەستگیرکراون و دۆسییەکانیان یەکلاییکراونەتەوە.

هەروەها لە ساڵی 2020 و شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 314 تۆمەتبار کە لە شارەکانی دیکەی هەرێم و عێراقدا تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە و هەڵهاتوون بۆ هەولێر دەستگیرکراون و ڕادەستی شارەکانی شوێنەکانی خۆیان کراونەتەوە.

بابەتی پێشتر

ڕوسیا: ئاسایش ده‌یان "تیرۆریست"ی ده‌ستگیركرد

بابەتی دواتر

ڕێگاچارەیەک لەبارەی قەیرانی بەنزین دەخرێتەڕوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share