یۆنامی داوای هێوركردنەوەی بارگرژییەكان دەكات

یۆنامی داوا لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكات كار لەسەر هێوركردنەوەی بارگرژییەكان بكەن.

نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا داوا لە سەرجەم خۆپیشاندەران دەکات دەستبەجێ ناوچەی سەوزی بەغداد جێبهێڵن، سەرجەم بینا حکومییەکان چۆڵبکەن و ڕێگەبدەن حکومەت بەردەوام بێت لە بەرپرسیارێتیەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە خزمەت عێراقییەکاندا.

دەشڵێت، “پێشهاتەکانی ئەمڕۆ پەرەسەندنێکی زۆر مەترسیدارە. ده‌بێت ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت له‌ خزمه‌تی گه‌لی عێراقدا بن، له‌ هه‌موو بارودۆخێك و له‌ هه‌موو كاتێكدا”.

یونامی داواش لە هەمووان دەکات بە ئاشتی بمێننەوە و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هاوکاری بکەن، خۆیان لەو كردەوانە بەدووربگرن کە دەبنە هۆی زنجیرەیەک ڕووداوی كۆنتڕۆڵنەكراو.

داواش لە لایەنە سیاسییەكان دەكات کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پەنا بۆ دیالۆگ ببەن وەک تاکە ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. دووپاتیشیدەكاتەوە، “ناکرێت عێراقییەکان بە بارمتە بگیرێن بۆ دۆخێکی پێشبینینەکراو و ناجێگیر”.

پەیامەكە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی لایەنگری ڕەوتی سەدر چوونە ناو بینا حكومییەكان لە بەغداد و هەندێك پارێزگای دیكە، دوای ئەوەی ئایەتوڵلا كازم حائیری مەرجەعی ئاینیی سەدرییەكان وازهێنانی لە مەرجەعیەت و، موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر وازهێنانی لە كاری سیاسی ڕاگەیاند.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share