ئامارەكان لە ئەمریكاوە.. %25ی توشبووانی دەلتا لە ڤاكسینكراوانن

ئامارەکانی ناوەندە پزیشکییەکانی ئەمریکا دەریدەخەن 25%ی ئەوانەی لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تاوەکو 25ی تەمموز لە لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆرنیا تووشی کۆرۆنا بوون، ئەو کەسانەن کە ڤاکسینی دژی کۆرۆنایان بەتەواوی وەرگرتووە، بەڵام خۆڤاكسینكردنەكە ئەگەری چوونە نەخۆشخانە و توشبوونی توند 29 جار كەمدەكاتەوە.

لە ڕاپۆرتی هەفتانەی ناوەندی ڕوبەڕوبوونەوە و چاودێریکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکادا ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە، ڕێژەی 25%ی ئەو ئەمریکییانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە تووشی گۆڕاوی دەلتا بوون، ڕاپۆرتەکە پشتی بەو توێژینەوانە بەستووە کە کراون بۆ دیاریکردنی ئەو ئەمریکییانەی پێویستییان بە ژەمی سێیەمی ڤاکسینە.

توێژینەوەکە دوێنێ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە 43 هەزار توشبووی کۆرۆنا تێیدا بەشدارییان کردووە لە شاری لۆس ئەنجلس و تەمەنیان 16 ساڵ بۆ سەرەوە بووە.

دەرکەوتووە 10 هەزار و 895 حاڵەت، کە دەکاتە 25.3%ی توشبووەکان، ئەو کەسانەن کە دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەوەی جیی سەرنجە تەنها 3.3%یان ئەوانەن تەنها یەک ژەمیان وەرگرتووە.

بەڵام سەرباری ئەوە توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، ڤاکسینەکان دەتوانن کەسی توشبوو بپارێزن لە ئەگەری دەركەوتنی نیشانە قورسەکانی پەتاكە و لە دۆخی سەخت دەیپارێزن.

بەپێی ئامارەكان، لەو ژمارەیەی لە توێژینەوەکەدا بەشدارییان کردووە، تەنها 3.2%ی ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە داخڵی نەخۆشخانەکان کراون، كە 0.05%یان لە چاودێریی چڕدان و 0.25%یان پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکردە.

بەڵام ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، 7.5%یان داخڵی نەخۆشخانە کراون، كە 1.5%یان لە چاودێریی چڕ و 0.5%یان پێویستیان بە هەناسەدانی دەستکردە.

بۆیە ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات، خۆڤاكسینكردن نزیكەی 29 جار ئەگەری چوونە نەخۆشخانەی توشبوو كەمدەكاتەوە.

تویژینەوەکە ئاشکراشیکردووە، دوای دەرکەوتنی گۆڕاوی دەلتا، کاریگەریی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا لە نزیكەی 91% کەمبووەتەوە بۆ 66%ی کاریگەرییەکەی پێشووی.

بابەتی پێشتر

بايدن كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكای لە ئەفغانستان درێژنەكردەوە

بابەتی دواتر

وێژەییە نەك زانستی.. عەبدوڵا حاجی مەحمود لەبارەی دەنگۆی دەرنەچوونیەوە ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share