دوێنێ لە كابول بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لەگەڵ مەلا بەرادەر كۆبووەتەوە

ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرایكرد، دوێنێ بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا، لە كابول لەگەڵ مەلا عەبدولغەنی بەرادەر كۆبووەتەوە.

ڕۆژنامەی (واشنتن پۆست) لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریكییەوە، بێ ئەوەی ناویان ببات، ئاشكرایكردووە، دوێنێ لە كابول-ی پایتەختی ئەفغانستان دیدارێك لە نێوان ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری CIA و مەلا عەبدولغەنی بەرادەر، سەركردەی تاڵیبان بەرێوەچووە.

دیدارەكەی نێوان بێرنز و بەرادەر لەكاتێكدایە ئەمریكییەكان هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ گواستنەوەی هەزاران ئەفغانی و بیانی لە كابول-ەوە بە زووترین كات، دوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان هۆشداریی ئەوەیدا كە ڕێگە بە بەردەوامی ئەو پڕۆسەیە نادات تەنها بۆ هەفتەیەك نەبێت.

لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لوتكەی حەوت بۆ تاوتوێكردنی پڕۆسەكانی گواستنەوە لە فڕۆكەخانەی كابول بەڕێوەبچێت، لەكاتێكدا هەزاران كەس لێی كۆبوونەتەوە و خواستی خۆیان بۆ ڕۆیشتن لە وڵاتەكە و بە هیوای گەیشتنە ڕۆژئاوا نیشانداوە، دوای ئەوەی بزوتنەوە توندڕەوەكە دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتەدەست.

سەركردەی ژمارەیەك لە وڵاتانی كۆمەڵەی جی حەوت لەنێویشیاندا بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، كە وڵاتەكەی سەرۆكایەتی خولی ئێستای كۆمەڵەكە دەكات، داوا لە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا دەكەن هێزەكانی وڵاتەكە لە ئەفغانستان بهێڵێتەوە بۆ دوای وادەی دیاریكراوی كشانەوەی كۆتایی لە 31ی ئاب، لەپێناو تەواوكردنی ئەركی گواستنەوەكە.

تائێستا لەلایەن ئەمریكاوە 48 هەزار كەس گوازراونەتەوە دوای دروستكردنی پردێكی ئاسمانی لە 14ی ئەم مانگەوە، لەو ژمارەیە 11 هەزاریان لە 12 كاتژمێردا گوازرانەوە، وەك ئەوەی پێشتر كۆشكی سپی بڵاویكردەوە، هەزاران كەسی دیكەش لەلایەن وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانی ئەمریكاوە گوازراونەتەوە.

بابەتی پێشتر

پۆگبا: ئامانجی من تۆمارکردنی ڕیکۆرد نییە

بابەتی دواتر

بۆ ڕێگریكردن لە كۆچبەران پۆڵەندا دیواربەندێك لەسەر سنووری بیلاڕوسیا بونیاددەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share