بایدن: ڕەنگە هێزەكانمان ماوەیەكی زیاتر لە ئەفغانستان بمێننەوە

جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرایكرد، پێدەچێت هێزەكانیان زیاتر لەو ماوەیەی دیاریكراوە بۆ كشانەوە لە ئەفغانستان، لەو وڵاتە بمێننەوە.

بەگوێرەی میدیای ئەمریكی، بڕیارەكەی بایدن كاردانەوەیە بەرامبەر بەو ڕێگرییانەی كە چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان دەیخەنە بەردەم گەیشتنی ئەو كەسانە بە فڕۆكەخانەی كابول، كە ئەمریكا دەیەوێت دووریانبخاتەوە.

ئەمریكا بڕیاری داوە تا كۆتایی ئەم مانگە تەواوی هێزەكانی لە ئەفغانستان بكشێنێتەوە، بەڵام نزیكەی 15 هەزار ئەمریكی و بەڵێندەر و كارمەند كە ئیشیان بۆ سوپای ئەمریكا كردووە، لە ئەفغانستان بەگیرهاتوون و ئەمریكا دەیەوێت لەو وڵاتە دەربازیان بكات.

پێرێ بزوتنەوەی تاڵیبان وادەیەكی بۆ ئەمریكا دیاریكرد تا لەو ماوەیەدا هێزەكانی لە ئەفغانستان بكشێنێتەوە.

سوهێل شاهین، وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاند، ئەمریكا دەڵێت “پێش 11ی ئەیلول هێزەكانم دەكشێنمەوە”، كەواتە دەبێت تا ئەو كاتە هەموو هێزەكانی بكشێنێتەوە.

ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، سەرۆكی ئەمریكا وتبووی، ئەركی واشنتن لە ئەفغانستان هیچ كاتێك بونیادنانی دەوڵەت نەبووە لەوێ.

جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، ئەو بژاردەیەی كە پێویستبوو بیگرێتەبەر یان شوێنكەوتنی ڕێككەوتنی وتووێژ بوو كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوو دەستیپێكردبوو، یان گەڕانەوە بوو بۆ جەنگ.

جەختیشیكردبووەوە لەوەی كە “ناكرێت هێزە ئەمریكییەكان شەڕبكەن و بكوژرێن لە شەڕێكدا كە هێزە ئەفغانییەكان چوونەناو ئەو شەڕەیان ڕەتكردووەتەوە”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لەبارەی دۆخی کۆرۆناوە ڕوونکردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

تورکیا بنکەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە ڕۆژئاوا بۆردومانکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share