بافڵ تاڵەبانی: ئەوانەی یەكێتییان بۆ مەرامی تایبەت بەكارهێنا نابەخشرێن

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “یەکێتی موڵکی هیچ گروپ و بەرژەوەندیخوازێک نییە و ڕێگەنادەین مێژووی پڕ لە سەروەری ئەم حیزبە لە کەدار بکرێت دەشڵێت، ئەوانەی یەكێتییان بۆ مەرامی تایبەت بەكارهێنا نابەخشرێن”.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر لەگەڵ سەرکردایەتی ھەولێر کۆبووەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا کە د.ئەرسەلان بایز، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی، گۆڕانکاری و چاکسازییەکان و ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش، “بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە خۆڕێکخستنەوە و چاکسازیکردن لەناو دامەزراوەکانی حیزب کرد و وتی، یەکێتی چەند ھەنگاوێکی بەئاڕاستەی یەکێتی ناو یەکێتی ناوە و گۆڕانکارییەکان لەپێناو پاراستنی شکۆی یەکێتی و پارێزگاریکردن بووە لە دەستکەوتەکان و ئەو بەها نەتەوەیی و نیشتمانییانەی یەکێتییەکەمان بڕوای پێیانە، ئەم حیزبە بەرهەمی ڕەنجی تێکۆشەران و خوێنی شەهیدانە و بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنادەین لە ڕێبازە پیرۆزەکەی مام لابدات.”

لە درێژەی کۆبوونەوەکدا هاوسەرۆک جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی موڵکی هیچ گرووپ و بەرژەوەندیخوازێک نییە و رێگەنادەین مێژووی پڕ لە سەروەری ئەم حیزبە لەکەدار بکرێت.

بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەشكرد، “ئەوەی کردوومانە پاراستنی حیزبی شەهیدان بووە لە هەڵدێر و بەلاڕێدا بردن، یەکێتی لەهەناوی کۆمەڵانی خەڵکەوە دروستبووە و دەبێت هەموو هەوڵەکانیشی لەپێناو خەڵکدا بێت نەوەک کۆمەڵێک کەس کە یەکێتییان بۆ بەرژەوەندی و مەرامی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنا”.

هاوسەرۆكی یەكێتی وتیشی، “دڵنیایی دەدەینە یەکێتییە سەربەرزەکان کە جارێکیتر یەکێتی نابێتە قوربانیی مەرامە تایبەت و بەرژەوەندییە شەخسییەکان، ئەوانەشی لە ڕابردوودا ئەم کارانەیان کردووە نابەخشرێن و ڕادەستی دادگایان دەکەین.”

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقەوە بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، “دروستکردنی هاوپەیمانی کوردستان لەپێناو کۆدەنگی و یەکڕیزی گەلەکەمان بووە، هەموو هەوڵەکانیشمان بۆ سەرخستنی دەخەینەگەڕ و پێکەوە لەپێناو کوردستانێکی ئارام و خۆشگوزەران کار دەکەین.”

بابەتی پێشتر

ئیتر بەسە

بابەتی دواتر

عەلی حەمەساڵح: واینابینم<br> وەزیری سامانە سروشتییەكان: بەنزین دەبێتە 650 دینار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share