ژنانی دووگیانیش دەتوانن ڤاكسین وەرگرن

ناوەندی چاودێری و ڕوبەڕوبوونەوەی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا ئامۆژگاریی ژنانی دووگیان دەکات ڤاکسینی دژی کۆرۆنا وەربگرن، ئەمەش دوای ئەوەی داتاکان پشتڕاستیانکردەوە ڤاکسینەکان سەلامەتن بۆیان.

ناوەندەکە دەڵێت، “وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن ژنانی دووگیانەوە هیچ مەترسییەکی لەسەر زیادبوونی ئەگەری لەبارچوونی کۆرپەلە نابێت”.

ژنانی دووگیان ئەو توێژەن کە جیاکارییان بۆکراوە لە توێژینەوە زانستی و پزیشکییەکاندا لە بەرهەمهێنان و تاقیکردنەوەکانی ڤاکسینەکانی دژەکۆرۆنا، ژنانی دووگیان لە قۆناغە ئەزمونییەکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکاندا بەشدارییان پێنەکراوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواو لەبارەی کاریگەریی ڤاکسینەکان لەسەر کۆرپەلە.

لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندی چاودێری و ڕوبەڕوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئەمریکا ئامۆژگاریی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن دایکانی دووگیانەوە دەکات، بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی ناوەندە زانستییەکانی وەک کۆلێژی ئەمریکی بۆ پزیشکانی ژنان و منداڵبوون.

ناوەندە پزیشکییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن ئێستا بەڵگەی تەواویان لەبەردەستدایە نیشانیدەدات ڤاکسینەکان بۆ ژنانی دووگیان سەلامەتن.

لەوبارەیەوە ڕوشێل والینسکی سەرۆکی ناوەندی چاودێری و ڕوبەڕوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، “هانی سەرجەم ژنانی دووگیان و ئەوانەشی نیازی دووگیانبوونیان هەیە دەدەین ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن تاوکو پارێزراوبن لە ڤایرۆسەکە”.

دەڵێت، ڤاکسینەکان سەلامەت و کاریگەرن بۆ ژنانی دووگیان، لە ئێستاشدا کە دەلتا هەڕەشەیەکی مەترسیدارە، گرنگی وەرگرتنی ڤاکسین بۆ دایکانی دووگیان زیاترە.

ناوەندەکە بەدواداچوونی بۆ دوو هەزار و 500 ژن کردووە کە بە ماوەیەکی کەم بەر لە دووگیانبوون ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەنجامەکان دەریخستووە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر زیادبوونی لەبارچوون نەبووە.

ڕاشیگەیاندووە، تێکرای لەبارچوون لەناو ژنانی دووگیان کە ڤاکسینیان وەرگرتووە 13%یە، لەکاتێکدا تێکڕای لەبارچوون لەحاڵەتی ئاسایدا و بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین لەنێوان 11% تا 16% دەبێت.

بابەتی پێشتر

هاتوچۆی گەشتیاریی لە دەروازەی پەروێزخان ڕاگیرا

بابەتی دواتر

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی داوای پەیوەندیی زیاتری نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share