تیمێکی توێژەران لە بەرازیل بە هاوکاریی زانکۆی هۆنگ کۆنگ، جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە شەمشەمەکوێرەدا دۆزییەوە.
بەپێی راپۆرتی ئەو تیمە، ڤایرۆسەکە لێکچوونێکی بۆماوەیی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو ڤایرۆسەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبووەتەوە و خەڵکی توشی تەنگەنەفەسی کردووە، کە بە (MERS-CoV) ناسراوە.
برۆنا ستیفانی سیلڤێریۆ، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت، هێشتا دڵنیا نیین لەوەی کە ئایا ئەم ڤایرۆسە دەتوانێت مرۆڤ توش بکات یان نا، بەڵام ئەمساڵ لە زانکۆی هۆنگ کۆنگ، تاقیکردنەوە ئەنجامدەدەین بۆ روونکردنەوەی ئەم بابەتە.
لە توێژینەوەکەدا، نمونە لە 16 شەمشەمەکوێرە کۆکرایەوە و حەوت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پێنج شەمشەمەکوێرەدا دەستنیشانکرا.
توێژینەوەکە هەمەجۆریییەکی فراوانی بۆماوەیی لە ڤایرۆسە دۆزراوەکاندا ئاشکرا کردووە، بەو پێیەی ئەم شەمشەمەکوێرانە سەر بە دوو جۆری جیاوازن کە بریتین لە Molossus molossus (مێرووخۆر) و Artipus littoratus (میوەخۆر).
لە توێژینەوەیەکی پێشووی هەمان تیمدا، ڤایرۆسی gemiquibe-2 لە شەمشەمەکوێرەیەکی Molossus molossus دۆزراوەتەوە، کە ڤایرۆسێکی هاوشێوەی ڤایرۆسی gemiquibe کە لە شلەی مێشک و بڕبڕەی پشتی مرۆڤ و نمونەی بانکی خوێندا دۆزراوەتەوە.
جێگای ئاماژە بۆکردنە، ڤایرۆسی (MERS) کە لێکچوویەکی زۆری لەم جۆرەی کۆرۆنا هەیە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2012 لە سعودیە دۆزرایەوە. بەگشتی لەوساڵەوە، 27 وڵات حاڵەتی توشبوونیان تۆمارکردووە، لە ئەنجامدا 858 حاڵەتی مردن بەهۆیەوە تۆمارکراون.