وەزارەتی کارەبای عێراق کەمبوونەوەی کارەبای راگەیاند

وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی کەمبوونەوەی هاوردەکردنی غازی ئێران، سێ هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە عێراق کەمیکردووە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “وەزارەتی کارەبا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە دابینکردنی وزەی کارەبا بۆ هاوڵاتییان لە رێگەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و سووتەمەنی، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و بەرزکردنەوەی کارایی تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردن، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە گەورانەی رووبەڕوومان دەبێتەوە”.

وەزارەتی کارەبای عێراق لە زاری سەعد فەریح، بەڕێوەبەری سووتەمەنی لە وەزارەتەکە دەڵێت، “کەمبوونەوەی بەرچاوی هاوردەکردنی غازی ئێران لە ماوەی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا، لە پێشتر 45 ملیۆن مەتر سێجا بوو، بووەتەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە نزیکەی سێ هەزار و 500 مێگاوات”.

دەشڵێت، لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا، رەنگە کێشەی بەرهەمهێنانی کارەبا گەورەتر ببێت، چونکە خواستی کارەبا بەرزدەبێتەوە و ئەگەر بارودۆخەکە وەک ئێستا بێت، عێراق نزیکەی پێنج هەزار و 300 مێگاوات توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لەدەستدەدات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share