ئەندامێکی پێشوی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی پەیوەندی بە سەرکردەیەکی تاڵیبانەوە دەکات و پیرۆزبای کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان لەو گروپە چەکدارە دەکات.
ئیحسان عەبدولعەزیز لە فەیسبووی خۆی نوسیوویەتی، ” ئەمڕۆ ئێوارە لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا قسەم کرد لەگەڵ ڕێزدار (ذبیح الله مجاهد) سەرکردەی دیاری بزوتنەوەی تاڵیبان و پیرۆزبای سەرکەوتن و ڕزگارکردنی ئەفغانستانمان لێکردن و دڵخۆشی و پەرۆشی برایان و خوشکان و سەرکردایەتی بزوتنەوەکەمان پێگەیاند”.
ئەو ئەندامەی پێشوی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاشکراشیکردووە، ” ذبیح الله مجاهد زۆر سوپاسی ئەم پەیوەندیە و پەرۆشیەی لێکردین و دوعا و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازی بۆکردین و لە پەیوەندیەکەدا فەرمووی چەند سەرکردەیەک لە تەنیشتمەوەن ڕێز و خۆشەویستی زۆریان بۆ مسوڵمانانی کوردستان و تەواوی سەرکردە و ئەندامانی بزوتنەوەی ئیسلامی هەیە”.
ئێوارەی چەکدارانی تاڵیبان دەستیان بەسەر کۆشکی کۆماری ئەفغانستاندا گرت و بەرپرسێكی بزوتنەوەكەش دەڵێت، “ئەمارەتی ئیسلامی” ڕادەگەیەنن.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئەفغانستانەوە بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە چەکدارانی تاڵیبان گەیشتنە کۆشکی کۆماری لە کابولی پایتەخت.