ئەفغانستان.. سەرۆك دەستلەكاردەكێشێتەوە و دەسەڵات ڕادەستی تاڵیبان دەكرێت

بارودۆخی ئەفغانستان بە بەردەوامی دەگۆڕێت و ڕووداو و پەرەسەندنەكان بەخێرایی ڕوودەدەن، نوێترین گۆڕانكاریی بریتییە لە هەوڵەكانی ڕادەستكردنی دەسەڵات بە تاڵیبان و پێكهێنانی حكومەتی كاتی.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەیتد پرێس بڵاویكردەوە، تاڵیبان تەواوی سنوورەكانی ئەفغانستانی كۆنترۆڵكردووە. هاوكاتی ئەمە تاڵیبان چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و جەختیكردەوە كە بنكەی سەربازیی بەگرام-ی كۆنترۆڵكردووە كە گەورەترین بنكەی هێزەكانی هاوپەیمانیی ناتۆ بوو.

بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان، چەكدارانی تاڵیبان لەسەر هەموو دەروازەكانی كابول جێگیربوون. لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرایكرد، واشنتن داوای لە تاڵیبان كردووە نەچێتە ناو كابول تا ئەوكاتەی پرۆسەی دەربازكردنی كارمەند و دیپلۆماتكارە ئەمریكی و هاوكارە ئەفغانەكانیان تەواودەبێت.

هەڵسوڕێنەری كارەكانی وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێت، “چەكدارانی تاڵیبان ناچنە ناو كابول و دەسەڵات بەشێوەیەكی ئاشتییانە ڕادەست دەكرێت”.

لای خۆیەوە ڕوسیا جەختیكردەوە كە تاڵیبان گەرەنتیی ئەمنی داوە بە نێردە دیپلۆماتییەكان و ژیانیان پارێزراو دەبێت. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز-یش لەزاری بەرپرسێكی كۆشكی سەرۆكایەتیی ئەفغانستان-ـەوە ئاشكرایكردووە كە سەرۆكی ئەفغانستان وتووێژی لەگەڵ زاڵمای خەلیلزاد نوێنەری تایبەتیی ئەمریكا بۆ ئەفغانستان و كاربەدەستانی ناتۆ لەبارەی دۆخی وڵاتەكەیەوە دەستپێكردووە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، تاڵیبان شاندێكی ناردووە بۆ كۆشكی سەرۆكایەتی بەمەبەستی دەستاودەستكردنی دەسەڵات و پێشبینی دەكرێت ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان دەستلەكاربكێشێتەوە. سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە عەلی ئەحمەد جەلالی، وەزیری پێشووی ناوخۆی ئەفغانستان دەكرێت بە سەرۆكی حكومەتیی كاتیی وڵاتەكە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی هەڵەبجە: ئەو منداڵەی لەناو بیرێکدا بەکوژراوی دۆزرایەوە باوکی کوشتوویەتی

بابەتی دواتر

كچێكی ماملێ كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share