پارتی داوایەك ئاڕاستەی ڕەوتی سەدر دەكات

پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە ڕەوتی سەدر و 26 لایەنی دیكە دەكات كە بە بڕیاری كشانەوە لە هەڵبژاردندا بچنەوە، “لە پێناو بەرژەوەندی ھاوڵاتییانی عێراق بەشداری لە ھەڵبژاردن بکەن”.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بە ڕای پارتیمان ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەشداری کۆی لایەنە سیاسییەکان دەروازەیەکە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهێنانی داواکاری خەڵکی عێراق، هەروەها بۆ هاوکاری پرۆسەی سیاسی و پاراستنی لە چەقبەستوویی.”

باسی لەوەشكردووە، “ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، داوادەکەین لە لە تەیاری سەدری و هەر 26 لایەنی دیکەی کە رٍایانگەیاندووە بەشداری هەڵبژاردن ناکەن، لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتییانی عێراق بەبڕیارەکەیاندا بچنەوە و بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن وەکو داخوازییەکی هاوڵاتییان و پێویستییەکی هەنوکەییش بۆ خزمەت گەیاندنی زیاتر بە پرۆسەی سیاسی عیراق و حکومڕانیەکی باش و تەندروست”.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان:

لە ئەنجامی داواکاری خۆپیشاندەرانی پارێزگاکانی عێراق، بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو بە داواکاری زۆرینەی جەماوەر بەلایەنە سیاسییەکانیشەوە، ئەم داواکاریەش لە ڕوانگەی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسییانەی کە دووچاری پرۆسەی سیاسی عێراق هاتبوون و لە ئاکامیشیاندا کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووی بواری ئابووری و خزمەتگوزاری بەبێ چارەسەر مابوونەوە، سەرچاوەی گرتووە.

بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە و دۆزینەوەی رێگاچارەی گرفت و کێشەکانی هاوڵاتییانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی، هەڵبژاردنی پێشوەختە و دروستکردنی کابینەیەکی نوێی حکومەتی فیدڕاڵی بە فاکتەرێکی باش زانرا و، بڕیاڕی لەبارەوە درا. بەڵام هەندێک لایەن، لە ئاکامی زیادبوونی کێشە و گرفتەکان و لێکدانەوەی هەندێ لایەنی بەرچاو لە چۆنیەتی دروستبوونی کێشەکان، ڕایانگەیاند کە بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکەن.

بە ڕای پارتیمان ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەشداری کۆی لایەنە سیاسییەکان دەروازەیەکە بەرە و چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهێنانی داواکاری خەڵکی عێراق، هەروەها بۆ هاوکاری پرۆسەی سیاسی و پاراستنی لە چەقبەستوویی.

بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، داوادەکەین لە بەڕێزان لە تەیاری سەدری و هەر 26 لایەنی دیکەی کە ڕایانگەیاندووە بەشداری هەڵبژاردن ناکەن، لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتییانی عێراق بەبڕیارەکەیاندا بچنەوە و بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن وەکو داخوازییەکی هاوڵاتییان و پێویستییەکی هەنوکەییش بۆ خزمەت گەیاندنی زیاتر بە پرۆسەی سیاسی عێراق و حکومڕانیەکی باش و تەندروست.

مەحمود محەمەد

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان

14ـی ئابی 2021

بابەتی پێشتر

كازمی بانگهێشتی میری قەتەر دەكات بۆ كۆبوونەوەی لوتكەی بەغداد

بابەتی دواتر

دۆرتمۆند 5-2 ئینتراخت فرانکفۆرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share