توێژینەوەیەك كە بەمدواییە بڵاوكراوەتەوە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ڕۆبۆتەكان دەبنە هۆی نەمانی 85 ملیۆن كار لە كۆمپانیا ناوەند و گەورەكاندا، جگە لەو گۆڕانكارییانەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە شوێنی كاردا دروستیكردووە و دۆخەكەی دژوارتر كردووە.
سەعدییە زوهدی، بەڕێوەبەری كارگێڕی مونتەدای ئابوریی جیهانی و بەرپرس لە توێژینەوەكە وتی، پەتای كۆرۆنا پەنابردنەبەر ئایندەی كاری خێراكردووە.
بەپێی توێژینەوەكە ئەو كرێكارانەی لە پێنج ساڵی داهاتوودا پارێزگاری لە ڕۆڵ و كارەكانیان دەكەن پێویستە لەسەر نیوەیان فێری لێهاتوویی نوێ ببن، بە گەیشتن بە ساڵی 2025یش خاوەن كاران كارەكانیان بە یەكسانی لەنێوان مرۆڤ و ئامێرەكاندا دابەشدەكەن.
بەشێوەیەكی گشتیش هەلی كار پاشەكشە دەكات لەكاتێكدا كارەكان لەدەستدەچن، بەهۆی ئەوەی كۆمپانیا جیهانییەكان تەكنەلۆجیا لەجیاتی سەرچاوەی مرۆیی بۆ داخڵكردنی زانیارییەكان و ئەركە ژمێریاری و ئیدارییەكان بەكاردەهێنن.
مونتەداكە، كە بارەگاكەی لە جنێف-ە، دەشڵێت، هەواڵە خۆشەكە ئەوەیە كە زیاتر لە 97 ملیۆن كار دێتەئاراوە لە بواری ئابوری چاودێریی پیشەسازی تەكنەلۆجیدا وەك زیرەكی دەستكرد و دروستكردنی ناوەرۆك.
ئەو ئەركانەش كە مرۆڤ پشتبەست بە تایبەتمەندی كێبڕكێكارانە دەتوانێت پارێزگارییان لێبكات بریتییە لە كارگێڕی و ڕاوێژكاری و دروستكردنی بڕیار و بیركردنەوە و پەیوەندی و كاردانەوە.
خواستیش لەسەر ئەو كرێكارانە زیاددەكات كە دەتوانن كارە پەیوەندیدارەكان بە ئابوری هاوڕێی ژینگە و كاری زانیارییە پێشكەوتووەكان و زیرەكی دەستكرد و ڕۆڵی نوێ لە بواری ئەندازیاری و ژمێریاری و پەرەپێدانی بەرهەم ئەنجامبدەن.