نیوەڕۆی ئەمڕۆ 10 ی ئاب، جێگیری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە، بەرپرسە بەریتانییەكان پشتگیریی تەواوی چاکسازییەکانی ئەمدواییەی قوباد تاڵەبانییان کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، “مارك برايسن ڕيچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکەی دووپاتكردەوە بۆ پرۆسەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند، لەمەودوا بە تایبەت لە نزیکەوە هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ چاکسازی لە بوارەکانی دادگەری و كارگێڕیدا”.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگیری سەرۆکی حکومەت، گۆڕانكارییەكان و چاكسازییەكانی ئەمدواییەی ڕوونكردەوە، ئەوانیش لای خۆیانەوە پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی جێگری سەرۆك وەزیران دەربڕی، گفتیان دا لەمەولا زیاتر لە پەیوەندیدا بن بۆ پشتیوانیكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی.
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقیشەوە، هەردوولا هاوڕابوون لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و جەختیان كردەوە دەبێت پرۆسەیەكی پاك و بێگەردبێت.