ئێران هەناردەكردنی وزەی كارەبای بۆ عێراق ڕاگرت، بەرپرسانی وڵاتەكە دەڵێن، گەرمای هاوین و ناچاربوون بە پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆی وڵاتەكە هۆكاری ڕاگرتنەكەیە.
مستەفا ڕەجەبی مەشهەدی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكردنی كارەبای ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەكەی وتووە، “بەهۆی كێشەكانی دابینكردنی كارەبا و پێویستیی ناوخۆیی وڵات بە كارەبا، هەناردەكردنی كارەبامان بۆ عێراق ڕاگرتووە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ساڵی ڕابردوو توانیوویانە هەزار مێگاوات كارەبا بۆ عێراق دابینبكەن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی پێویستیی ناوخۆیی هەناردەكەیان بۆ 150 مێگاوات كەمكردەوە، بەڵام چیتر ناتوانن ئەو بڕەش ڕەوانەی عێراق بكەن.
عێراق لە ئێستادا 19 هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خۆی پێویستی بە 30 هەزار مێگاوات هەیە، ماوەیەكیشە حكومەتی عێراق دەیانەوێت لەڕێگەی سعودیە و وڵاتانی كەنداوەوە بۆشاییەكانی وزەی كارەبا پڕبكاتەوە و تەنها پشت بە سەرچاوەی ئێران نەبەستێت.
هاوكات ماوەیەكیشە بەهۆی تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا لە پارێزگاكانی عێراق لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا زیانێكی زۆر بەر هێڵەكانی گواستنەوە و پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان كەوتووە.