چی لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەزانیت؟

تەنها یەک هەفتەی ماوە بۆ چوونی هاوڵاتییانی عێراقی بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2013 ئەنجام دەدرێت و سێیەم جارە لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 ئەنجام دەدرێت.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاکان 15 پارێزگا دەگرێتەوە لە کۆی 18 پارێزگا، واتە تەنها پارێزگاکانی هەرێم بەشداری ناکەن.

لە عێراقدا ئەنجومەنی پارێزگاکان بە چەندین ئەرکی گرنگ هەڵدەستن وەک دابینکردنی بودجە بۆ کەرتەکانی گواستنەوە و پەروەردە و تەندروستی، بەپێی دەستووریش دەسەڵاتێکی فراوانی کارگێری و داراییان هەیە و لەژێر دەسەڵاتی هیچ وەزارەتێکدا نین.

ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراقدا بە دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری هەر پارێزگایەک دادەنرێن، بۆیان هەیە یاسای تایبەت بە ناوخۆی پارێزگایەک دەربکەن، کە ئەمەش جۆرێکە لە پەیڕەوکردنی لامەرکەزیەتی کارگێری و پێچەوانە نین بە دەستور و یاساکانی فیدڕاڵ.

بەپێی یاسا پێویستە هەر چوار ساڵ جارێک لەدوای یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەن، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت، هەر ئەنجومەنێک لە 10 ئەندام پێکدێت، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک لە یەک ملیۆن زیاتر بێت، یەک کورسی بۆ هەر 200 هەزار کەس تەرخاندەکرێت، بەڵام بەو مەرجەی ژمارەی کورسییەکان لە 35 دانە زیاتر نەبێت.

هەر ئەنجومەنی پارێزگایەک چەندین لقی لێدەبێتەوە، ئەویش ئەنجومەنی قەزاکانە، هەڵبژاردنی ئەم ئەنجومەنانەش لەماوەی شەش مانگدا لەبەرواری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام هەڵدەبژێردرێن، ئەندامانی ئەنجومەنەکە لەنێوان حەوت بۆ 13 ئەندامدا دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتوان.

داهاتی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە حکومەتی فیدڕاڵەوە تەرخاندەکرێت، بەپێی ئەو یاسایەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەرچووە.
هەریەکە لە پارێزگار و دوو جێگرەکەی بەزۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەکە لەماوەی 30 رۆژدا لە بەرواری ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنەکە هەڵدەبژێردرێت، دواتریش مافی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان دەبێت لێیان.

ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی چاودێریان بەسەر سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت لەناوخۆی پارێزگادا هەیە، جگە لە دادگاکان و یەکە سەربازییەکان کۆلێژ و پەیمانگەکان و فەرمانگەکانی تایبەت بە حکومەتی فیدڕاڵ.

بابەتی پێشتر

شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە

بابەتی دواتر

راوێژکاری باڵای بەرگریی بەریتانیا بۆ وەزیری پێشمەرگە: لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی هاوکارتان دەبین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share