عێراق.. هەوڵدەدرێت بە یاسا کرێکارانی بیانی دەربكرێن

بەپێی داتاکانی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی عێراق، نزیکەی یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراق-دا هەن و کێبڕکێی دەستکەوتنی کار دەکەن بەرامبەر بە کرێکارانی ناوخۆیی، پەرلەمانیش هەوڵی وەدەرنانیان لە عێراق دەدات.

فازڵ فەتلاوی، ئەندامی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی وتووە، لیژنەکەیان گرنگی دەدات بە پەسەندکردنی یاسایەکی تایبەت بە دەستەبەرکردنی سەلامەتی و بیمەی کۆمەڵایەتی و ئەولەوییەتی کار بۆ کرێکارانی ناوخۆ، “ئەمەش یەکێک دەبێت لە هەنگاوە گرنگەکانی کۆنترۆڵکردنی هاتنی کرێکارانی بیانی و ئەو کێبڕکێیەی ئێستا لەگەڵ کرێکارانی ناوخۆییدا هەیە”.

باسی لەوەکردووە، ڕێژەیەکی زۆر لە کرێکاری بیانی بە نایاسایی و لەڕێگەی کۆمپانیاکان یان ڕێگەی دیکەوە دەهێنرێنە عێراق.

ئەندامەكەی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی عێراق وتیشی، “دەبێت هەلی کار بە پلەی یەکەم بۆ کرێکارانی ناوخۆیی بێت، پێویستە حکومەتیش کاربکات بۆ دەستەبەرکردنی کار بۆ کرێکارانی ناوخۆیی و کۆنترۆڵی دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان بکات لە ‌هاتنە ناوەوەی کرێکاری بیانی”.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی لیژنە پەرلەمانییەکە، کەمکردنەوەی کرێکاری بیانی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کرێکارانی ناوخۆ، ڕۆڵی گرنگیان دەبێت لە کەمکردنەوە و نەهێشتنی بێکاری، هەروەها ڕێژەی هەژاری کەمدەکاتەوە و ڕۆڵی دەبێت لە بووژاندنەوەی بازاڕی ناوخۆ و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆ.

ئەو ئەندامەی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشكرایكرد، کارەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی کرێکارانی بیانی، بە کۆتاییهێنان بە پێدانی مافی مانەوە، پێنەدانەوەی ئەو مۆڵەتە بۆ جاری دووەم دەبێت بەوانەی مافی مانەوەیان پێدراوە، سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان و فڕۆکەخانەکان.

بە گوتەی فەتلاوی، نزیکەی یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراق-دا هەن، دابەشبوون بەسەر سەرجەم کەرتە جیاوازەکاندا لە دامودەزگا حکومییەکان و دامەزراوە ناحکومییەکان و تەنانەت بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکاندا.

بابەتی پێشتر

بۆ كەمكردنەوەی یاساشكێنییە.. بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی ئاسایش لە باشماخ و پەروێزخان جێگیردەكرێت

بابەتی دواتر

ئەمریكا.. فڕۆكەیەك كەوت بەسەر خانوویەكدا و چەند كەسێك مردن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share