حیزبی دێموکراتی کوردستان تیرۆركردنی ئەندامێكی لە هەولێر ڕاگەیاند

حیزبی دێموکراتی کوردستان، تیرۆركردنی ئەندامێكی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەكەی لە هەولێر ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە 7ی ئاب بڵاویكردووەتەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاشكرایكرد، “مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە شاری هەولێر تیرۆركراوە”.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە مووسا باباخانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو “لەلایەن دوو تێرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕفێندراوە” و بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 7ی ئاب، تەرمەكەی كە “شوێنەواری ئەشکەنجەی قورس”ی پێوە دیاربووە، لە ژوورێکی هۆتێل “گوڵی سلێمانی” لە شاری هەولێر دۆزراوەتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:-

ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبارەی تێرۆری مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەوە

به‌ ئاگاداریی بیروڕای گشتی، میدیاکان و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌کان ده‌گه‌یه‌نین بەداخێکی گرانەوە کاک مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر تێرۆر کرا.

هاوڕێ مووسا باباخانی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی گەلاوێژ لەلایەن دوو تێرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕفێندرا و بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ١٦ی گەلاوێژ تەرمی بێ‌گیانی لە حاڵێکدا ئاسەواری ئەشکەنجەی قورسی پێوە دیاربووە، لە ژوورێکی هۆتێلی “گوڵی سلێمانی” لە شاری هەولێر دۆزرایەوە.

کاک مووسا باباخانی، خەڵکی کرماشان، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی بوو و لە ساڵی ١٣٧٨ەوە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ خەبات و تێکۆشان هەڵبژاردبوو. ئەو پێشمەرگەیەکی بەبیر و باوەڕ و نەسرەوتوو بوو، و توانی هەموو پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لە دوای یەک ببرێ و لە کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرێ.

وێڕای به‌داخبوونمان له‌ شه‌هیدبوونی ئه‌و کادرە وه‌جه‌ی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و هاوخه‌میمان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و هاوسه‌نگه‌رانی، زانیاریی زیاتر له‌ باره‌ی ڕووداوه‌که‌، هه‌ر وه‌ها وردەکاریی ژیان و تێکۆشانی شه‌هید مووسا باباخانی، نوێترین قوربانیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ به‌یاننامه‌کانی داهاتوودا به‌ ئاگاداریی بیروڕای گشتی ده‌گه‌یه‌نین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

سکرتاریا

١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی

بابەتی پێشتر

لەگەڵ هەڕەشەی کۆرۆنا مەراسیمەکانی موحەرەم لە عێراق و ئێران دەستپێدەکات

بابەتی دواتر

ئاسایشی هەولێر لەبارەی تیرۆرکردنی ئەندامێکی حدک ڕوونکردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share