هەینی داهاتوو لالیگا بە ئامادەبوونی هاندەرانەوە دەستپێدەکاتەوە

هەینی داهاتوو خولی پلە یەکی ئیسپانیا “لالیگا” دەستپێدەکاتەوە، حکومەتی ئیسپانیاش رێگە بە گەڕانەوەی بەشێکی هاندەران دەدات.

بڕیارە 13ی ئەم مانگە (ئاب) خولی ئیسپانیا بۆ وەرزی 2021-2022 بە ڕوبەڕوبوونەوەی نێوان ڤالێنسیا و خیتافێ لەیاریگای مێستایا دەستپێبکات.

بەر لەدەستپێکی خولەکانی ئیسپانیا، کارۆلینا داریا وەزیری تەندروستیی ئیسپانیا زمانحاڵی حکومەتی وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە، کە ڕێگە بەگەڕانەوەی ڕێژەی لەسەدا 40ی هاندەران دەدرێت بۆ نێو یاریگا گەورەکان، بۆ یاریگاکانی باسکەش رێگە بە گەڕانەوەی لەسەدا 30ی هاندەران دەدرێت.

بەپێی ئەو ڕێژەیەی حکومەتی ئیسپانیا دیاریکردووە، بەرشلۆنە دەتوانێت ڕێگە بە ئامادەبوونی 30 هەزار هاندەر لە یاریگای کامپ نو بدات، بەهەمان شێوە یانەی ڕیاڵ مەدرید کاتێک دەرگاکانی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕووی هاندەرانیدا دەکاتەوە.

لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستیی ئیسپانیا ڕێگە بە کۆبوونەوەی تەنها سێ هەزار هاندەر دەدات لە یاریگا گەورەکاندا، بەڵام بۆ وەرزی نوێ بە ڕێکارەکانی خۆپارێزییەوە ڕێژەکە زیاددەکات.

ڕێکارەکان چۆن دەبن؟

بەپێی ئەو مەرجانەی حکومەتی ئیسپانیا دایڕشتووە، هاندەران دەبێت بە دەمامکەوە بچنە نێو یاریگا، هەموو خواردن و خواردنەوە کحولییەکان و جگەرەکێشان قەدەغە دەکرێت و تەنها ڕێگە بە خواردنەوەی ئاو دەدرێت، هەر هاندەرێکیش دەبێت پارێزگاری لە دووری 1.5 مەتر لەگەڵ هاندەرانی دیکەدا بکات.

بابەتی پێشتر

گرێبەستەکەی لالیگا بەربەستەکانی بەردەم ڕیاڵ مەدریدی شکاندووە

بابەتی دواتر

شاجوان دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share