ئاگرەكەی توركیا تەنها گردێك لە “ناوچەیەكی زۆر گرنگ”ەوە دوورە

مەترسیی ئاگرەكەی توركیا ڕوو لە زیادبوونە

پاش تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ هێشتا ئاگرەكەی باشووری توركیا ڕانەوەستاوە، دۆخەكە لەئێستادا ئاراستەیەكی دیكەی گرتووە، پاش گەیشتنی بە خانووەكان بەخێرایی بە ئاراستەی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا دەڕوات.

ئاگركەوتنەوەكان، كە بەدژوارترین ڕووداوی لەو جۆرە دادەنرێت بە درێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو، تائێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەشت كەس لە حەوت ڕۆژدا، جگە لە سوتانی ڕووبەرێكی فراوانی دارستان و زەویی كشتوكاڵی بەدرێژایی كەناراوەكانی دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای ئیجە.

ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) لەسەر زاری محەمەد توكات، سەرۆكی شارەوانی شاری میلاسی گەشتیاری وتی، نیگەرانن لە ڕووداوەكان ئەگەر كۆنتڕۆڵی ئاگرەكە نەكرێت، بەتایبەت كە دووكەڵی ئاگر ڕوو لە ناوچەكە دەكات، لەكاتێكدا وێستگەیەكی كارەبای حەراری لێیە.

توكات لە ژمارەیەك تویتدا جوڵانی ئاگر بە ئاراستەی وێستگەكە كە لەسەر گردێك بونیادنراوە نیشاندەدات و لە دیمەنێكی ڤیدیۆیدا دەڵێت، “ئەوە شوێنێكی زۆر گرنگە”.

لە تویتێكی دیكەشدا كە پاش كاتژمێرێك بڵاویكردوەتەوە دەڵێت، “ئاگر گەیشتە كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون” و ڕوونیشیدەكاتەوە، “ئەگەر ئاگرەكە ئەم گردە تێپەڕێنێت واتە سوتاندنەكە ئاراستەیەكی تەواو جیاواز دەگرێتەبەر”.

توكات ئەندامی یەكێك لە دیارترین پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا و یەكێكە لەو كۆمەڵە دەنگانەی ڕوویان لە زیادبوونە، كە ڕەخنە لە بەدەنگەوەهاتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆك لەسەر كارەساتە دەگرن.

لەكاتێكی درەنگی دووشەممەدا حكومەت كۆنتڕۆڵكردنی 145 ئاگری ڕاگەیاند و وتی، هەوڵ بۆ خامۆشكردنی 9ی دیكە دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ ڕایانگەیاند هێزەكانیان لەپێناو هاوكاریكردنی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە ناردووە.

هەرچی پۆلیسی وڵاتەكەیە ئاشكرایكرد، ئەو ئاوپرژێنانەی پێشتر بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندان و كۆبوونەوە ڕێگەپێنەدراوەكان بەكاردەهێنرا، لەئێستادا بۆ ئاگركوژاندنەوە بەكاردەهێنێت، بەڵام سەرۆكی شارەوانی میلاس دەڵێت، داوا و بانگەوازەكانی پێشووی بۆ بەدەستگەیشتنی هاوكاریی فڕۆكەی ئاگركوژێنەوە بێوەڵام ماوەتەوە.

ئەمە جاری یەكەم نییە ئاگر لە دارستانەكانی توركیا دەكەوێتەوە، لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا تیمەكانی ئاگركوژێنەوەی وڵاتەكە كۆنتڕۆڵكردنی چەندین ئاگریان بەدرێژایی ناوچەكانی هاوسنوور لەگەڵ سوریا ڕاگەیاند.

بەپێی تۆمارە ڕەسمییەكانیش ساڵانە لەنێوان هەشت تا 10 هەزار هێكتار دارستان لە توركیا دەسوتێن.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دارستان 11 هەزار هێكتار لە ساڵی 2019 و، 20 هەزار و 938 هێكتار تەنها لە ساڵی 2020دا زیانیان بەركەوتووە.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

كازمی: دۆسیەی ئێزدییەكان لە پێشینەی گرنگیپێدانی حكومەتە

بابەتی دواتر

بەهۆی تەقەکردن لە وێستگەیەکی نزیک لێی باڵەخانەی پنتاگۆن داخرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share