ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پرۆژەی مەرج و ڕێنماییەکانی پاراستنی شوێنە کلتورییەکانی پەسەندکرد

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پرۆژەی مەرج و ڕێنماییەکانی T.O.Rی بۆ پاراستنی کلتور و کەلەپور پەسەندکرد و سەرۆکی ئەنجومەنەکەش دەڵێت، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی خانوو و گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئازاد حەمە ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەنگدانبوو لەسەر پرۆژەی T. O. R تایبەت بە پاراستنی شوێن و سیما کلتوری و کەلەپورییەکان لە پارێزگای سلێمانی.

وتیشی، پرۆژەکە لەلایەن قائیمقامییەتی سلێمانییەوە ئامادەکراوە و ئاڕاستەی پارێزگای سلێمانییان کردووە، نوسراوی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەنجومەنی پارێزگا هەڵەی تێدابوو و ئاڕاستەی وەزارەتی کشتوکاڵ کرابوو بەداڕشتنێک کە ئەنجومەنی پارێزگا پەسەندیکردووە.

ڕایگەیاند، بێگومان ئەو پرۆژەیە بەبێ پەسەندکردنی ئەنجومەنی پارێزگا نابێت، بۆیە پرۆژەکە لەلایەن لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزاری پارێزگا و لیژنەی هونەریی ئەنجومەن هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆکرا، دواتر لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە پەسەندکرا.

ئازاد حەمە ئەمین، پرۆژەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی خانوو و گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی ناوبرد، کە بەپێی مەرج و ڕێنمایی دەستکاریکردنی ئەو شوێنە کۆنانەی دیاریکردووە.

داواشی لە هەریەکە لە ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگای هەڵەبجە کرد کە پرۆژەی هاوشێوە بۆ پاراستنی سیما کلتورییەکانی ئەو ناوچانە ئامادەبکەن، تاوەکو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەسەندی بکات و سەرجەم شوێن و بابەتە کەلەپورییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی پارێزراوبن.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) بەرازیل لە ئاڵتونی ئۆڵیمپیاد نزیکبووەوە

بابەتی دواتر

بەیل بەڵێنی بە ئەنچلۆتی و خێزانەکەی داوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share