ماڵپەڕی “بی بی سی” بابەتێکی لەبارەی ئەگەری کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی جیهانەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوونەوە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لە کۆتایی سەدەی 21دا ئەو ڕووداوە بەخۆوە دەبینن.
ماڵپەڕەکە بەپێی توێژینەوەیەکی گریمانەیی شەش دەرئەنجام و کاریگەریی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی جیهانی خستووەتەڕوو.
1. کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان هەواڵێکی خۆش دەبێت بە لای وڵاتە هەژارەکانەوە
کەمبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون و کەمیی منداڵ هەلێکە بۆ ژیان و گوزەرانێکی باشتر و منداڵەکانیان خواردنی زیاتریان بەردەکەوێت بۆ خواردن، ئەمە جگە لە خزمەتگوزارییەکانی بواری پەروەردە و تەندروستی.
2. ڕەنگە خەڵک زیاتر چاویان لەوە بێت کە خۆیان خانەنشین بکەن
بەهۆی کەمیی ژمارەی دانیشتووانەوە، خەڵک ناچار دەبێت ماوەیەکی زۆر کار بکات، ڕەنگە فشاریش لەسەر سیستمی چاودێریی تەندروستی دروست ناکەن بەو شێوەیەی لێی دەترسن.
هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە زۆرێک ترسیان لە چاودێریی تەندروستیی بەساڵاچووەکان بێت، لەبەرئەوەی تەواوی خەڵکی لە تەمەنی پیریدا تووشی نەخۆشی دەبن.
چاوەڕوانیش دەکرێت تەواوی وڵاتانی جیهان، بێجگە لە سووریا، منداڵە تازە لەدایکبووەکانیان پێنج ساڵ زیاتر تەندروست بژین لە چاو ئەو منداڵانەی لە ساڵی 2000 لەدایک بوون.
پرۆفیسۆر لە پەیمانگای ئۆکسفۆرد تایبەت بە بەساڵاچوون، سارە هارپەر دەڵێت، “پێویستە دۆخی پیربوونی دانیشووانی جیهان بەجددی وەربگیرێت”.
3. حکوومەتەکان ناچار دەبن سنوورەکانیان بکەنەوە
ڕێژەی کەمبوونەوەی لەدایکبوونی منداڵ و تەمەنی چاوەڕوانکراو دوو بەشن لە هاوکێشەی تایبەت بە ئەگەری گەشە یان کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان، هۆکاری سێیەمیش کۆچە.
ئەو وڵاتانەی پێویستیان بە گەنجە، سنوورەکانیان بۆ ڕاکێشانیان دەکەنەوە و ڕەنگە لە ڕووی نەژادی و کەلتوورییەوە جیهان زیاتر تێکەڵاو ببێت.
4. پارە وەک پشتیوانی دەدرێت بە دایکان و باوکان
کاتێک حکوومەتەکان لە ڕابردوودا ویستوویانە ڕێژەی منداڵ سنووردار بکەن یان زیاد بکەن، بە زۆری هێز کردوویانە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک نموونە هەن وەک لە وڵاتانی سکاندیناڤیا کە بەهۆی خەڵاتپێدان و مۆڵەتی دایکایەتی و ئاگاداربوون لە منداڵ، ڕێژەی لەدایکبوون زیادی کردووە.
دکتۆر هانا ڕیچی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، “وڵاتانی دەوڵەمەند بەهۆی پشتیوانیکردنی سیستمی تەندروستییەوە ڕێژەی لەدایکبوون تیایاندا زیاد دەکات، بەڵام لەو وڵاتە هەژارەکان بەهۆی بەرگەنەگرتنی فشارە ئابووری و داراییەکانەوە، دایکان و باوکان منداڵ کەمتر دەخەنەوە تاکو باشتر و خۆشتر بژین”.
هەروەها حکوومەتەکان ساڵی خانەنشینبوون بەرزتر دەکەنەوە و ڕەنگە لە بەرانبەر ساڵانێکی زۆرتری کارکردن، مۆڵەتی درێژخایەنیان پێ بدەن تاکو هاوکار بن لە چاودێریکردنی خێزانەکانیان”.
5. کارمەندانی چاودێری تەندروستی “بەهەمان شێوەی دکتۆرەکان” گرنگی پەیدا دەکەن
ئەمە تێڕوانینی دکتۆر تیزیانایە لە کۆلێجی ئابووریی لەندەن و ئەو پێی وایە کە خەڵکانی “زۆر بەتەمەن” هەمیشە لە کۆتاییەکانی ژیانیاندا پێویستیان بە چاودێریی تەندروستییە و دەشڵێت “لەئێستاوە پێویستمان بە ڕاهێنانی کارمەندی بەهێزی گونجاوە بۆ ئەو بابەتە و کەمتر پێویستمان بە پزیشکی منداڵ و پزیشکی نەخۆشییەکانی ژنانە”.
6. ڕەنگە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان کەڵکی بۆ ژینگە هەبێت
بەپێی وتەی پرۆفیسۆر هارپەر، کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان “شتێکی باشە” بۆ ژینگە، بەڵام دکتۆر ڕیچی ئاماژە بەوە دەکات گەشەی ئابووری بزووێنەرێکی بەهێزتری گۆڕانی کەشوهەوایە وەک لە گەشەی ژمارەی دانیشتووان. ئەگەرچی تائێستا سەختە دیاری بکرێت لە دوورمەودادا چی بەسەر دۆخی ئابووریدا دێت.