بافڵ تاڵەبانی: ئێستا یەکێتییەکی نوێ ھەیە و ژیانی سیاسی لەسەر بنەمایەکی تەندروستی مەدەنی بەڕێوەدەچێت

بافڵ تاڵەبانی و خوان خۆسێ ئیسکۆبار

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەركی هاوپەیمانیی كوردستان بۆ باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق ڕووندەكاتەوە، دەڵێت، وەک یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانیی کوردستان کاردەکەن بۆ یەکخستنی جیاوازییەکانی نێو ماڵی کورد، لەبارەی چاكسازییەكانی ئەم دواییەشەوە دووپاتیدەكاتەوە، ئێستا یەکێتییەکی نوێ ھەیە و ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی لەسەر بنەمایەکی تەندروستی مەدەنی بەڕێوەدەچێت.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسی پێشوازیکرد لە خوان خۆسێ ئیسکۆبار، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق.

بافڵ تاڵەبانی لەژێر ڕۆشنایی پێشهات و گۆڕانکارییەکان خوێندنەوەی بۆ ھاوکێشەکان کرد و ڕوانینی یەکێتی بۆ کۆی پرسەکان خستەڕوو و ڕایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ لێکتێگەیشتن و زمانی گفتوگۆدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، کە وەڵامدەرەوەی خواستی ھەموولایەک بێت و ھاندەربێت بۆ سەقامگیریی زیاتری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەیدا هاتووە.

ڕوونیشیکردەوە، “وەک یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانیی کوردستان کاردەکەین بۆ یەکخستنی جیاوازییەکانی نێو ماڵی کورد و دەمانەوێت وەک یەک تیم لە بەغداد داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانمان بکەین”.

بافڵ تاڵەبانی ئاشکراشیکرد، “ھاوپەیمانی کوردستان لەپێناو یەکخستنی ھێزەکان، یەکڕیزی نیشتمانی و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکان دروستبووە، دوای ھەڵبژاردنەکانیش کاری لەپێشینەمان دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی و بەرەیەکی بەرفراوان دەبێت لەنێوان ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان”.

پەیوەست بەکاروباری ناوخۆیی و ڕێکخراوەیی، ھاوسەرۆکی یەكێتی باسی لەگۆڕانکاری و چاکسازییەکان کرد کە بەئاڕاستەی ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حیزبی ئەنجامدراون، دووپاتیشیکردەوە، “ئێستا یەکێتییەکی نوێ ھەیە و ژیانی سیاسی و رێکخراوەیی لەسەر بنەمایەکی تەندروستی مەدەنی بەڕێوەدەچێت و بەستراتیژێکی نیشتمانییەوە درێژە بەخەبات دەدەین”.

بابەتی پێشتر

دێست بۆندی سێ یانەی ڕەتکردووەتەوە

بابەتی دواتر

بلینكن: لەناوچەكە دەمێنینەوە و ناهێڵێن ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share