ئیتۆ ڕەخنەی توند لە ڕێکخەرانی باڵۆندۆر دەگرێت: بێڕێزیتان پێکردم

ئەستێرەی دێرینی هەڵبژاردەی کامیرۆن و یانەی بەرشلۆنە، ساموێل ئیتۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە ڕەخنەی توند ئاڕاستەی لێپرسراوانی گۆڤاری فرانس فوتباڵ دەکات. 

گۆڤاری فرانس فوتباڵی فەرەنسی کە لەهەمان کاتدا بەخشەری خەڵاتی باڵۆندۆرە، لەم وەرزەدا خەڵاتی باشترینەکانی دابەشنەکرد، لە جێگەی ئەوە بڕیاریاندا بە دابەشکردنی خەڵاتێکی تایبەت بەسەر باشترین (11) یاریزان لە مێژووی تۆپی پێ.

لێپرسراوانی گۆڤارەکە لەسەر ڕاسپاردەی شارەزایان بۆ هەر پێگەیەک لیستێک یاریزانیان دیاریکردووە، لە پێگەی هێڵی هێرشبەری باڵی ڕاست ناوەکانی بێکهام، جارزینیۆ، کیڤن کیگان، جۆرج بێست، ستانلی ماتیۆس، لیۆ مێسی، ئارێن ڕۆبن، لویس فیگۆ، ساموێل ئیتۆ، گارینشا، دیاریکراون.

لەم بارەیەوە ساموێل ئیتۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە نوسیویەتی، ” سوپاس، بەڵام من تەنها 1.2 وەرز لە پێگەی هێرشبەری باڵی ڕاست یاریمکردووە، بەڵکو 25 ساڵ هێرشبەری سەرەڕم بووم، ئەوە بێڕێزییە، فرانس فوتبوڵ، هەرچییەک بێت”.

فرانس فوتباڵ لە لیستی باشترین هێرشبەری سەرەڕمدا ناوەکانی، بێرکامپ، کرۆیف، دالگلیش، ئوزێبیۆ، ساندۆر کۆچیس، گێرد مولەر، ڕۆماریۆ، ڕۆناڵدۆ، ڤان باستن، جۆرج ویای دیاریکردووە.

بەبۆچونی شارەزایان، ئیتۆ سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ناوەکەی لەنێو لیستێکی هەڵەدا بێزاربووە، لەهەمان کاتدا بێهیوابووە کاتێک بینیویەتی لەگەڵ مێسی و گارینشا و جێرزینیۆ و بێست و چەندین ئەفسانەی دیکە کێبڕکێ دەکات و چانسی هەڵبژاردنی زۆر لاوازە.

بڕیارە لە مانگی کانونی یەکەمی 2020 لەسەر بۆچوون و بژاردەی 170 ڕۆژنامەنوسی جیهانی لە میدیا جیاجیاکانی ئەوروپا و جیهان، باشترین پێکهاتەی مێژوویی تۆپی پێ لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتباڵەوە دەستنیشانبکرێت.

بابەتی پێشتر

ئیمیری نهێنی مباپێ بۆ میدیاکان ئاشکرادەکات: بە پەرۆشە بۆ ڕیاڵ مەدرید

بابەتی دواتر

بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی ڤان دایک، لیڤەرپوڵ چی دەکات؟ ئەفسانەیەک وەڵامدەداتەوە..

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share