فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کشاونەتەوە، بەڵام پشتگیریی ئاسمانی لە حکومەتی ئەفغانستان بەردەوام دەبێت.
جەنەڕاڵ كێنێس مەکێنزی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابولی پایتەختی ئەفغانستانەوە ڕایگەیاند، “ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ پشتگیری لە حکومەتی ئەفغانستان بەردەوامی پێدەدات و لەگەڵ زیاتربوونی هێرشەکانی تاڵیبان، هێرشە ئاسمانییەکانی ئێمەش زیاتر دەبن”.
دوای کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان، دوای 20 ساڵ جارێکی دیکە تاڵیبان دەستیکردەوە بە هێرش بۆ گرتنەوەی ویلایەتەکان، چەند ناوچەیەك و ژمارەیەك دەروازەی سنوریی كۆنترۆڵكردەوە.
جەنەڕاڵ مەکێنزی پێشتریش هۆشداری دابوو لەوەی، دوای کشانەوەی ئەمریکا حکومەتی ئەفغانستان پێویستی بە پاڵپشتی هەیە، ئەگەرنا لە ماوەیەکی کەمدا دەکەوێت.
دوای هۆشدارییەکەی مەکنزی، محەمەد ئەشرەف غەنی، سەرۆک کۆماری ئەفغانستان ڕایگەیاند، “ئێستا هێزە چەکدارەکانی ئەفغان دەتوانن پارێزگاری لە وڵات بکەن”.