وەزیری تەندروستی: ئامارەکانی ئێستا زۆرینەیان جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنان

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئازار ڕایگەیاند کە ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە وەک هاندانێک بۆ کارمەندانی هێڵەکانی پێشەوەی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دکتۆر سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و بەشێک لە بەڕێوبەرانی نەخۆسخانەکان بەشداریمان کرد لە هەڵمەتی کوتانی کۆرۆنا و ڤاکسینی کۆرۆنامان وەرگرت”.

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان وتی، “ئێمە ئەو ڤاکسینەمان وەرگرت تاوەکو ئەو دەنگۆیانە ڕەتکەینەوە کە باس لە خراپی ڤاکسینەکە و نەبوونی متمانە دەکەن بەو ڤاکسینە، بەڵام ڤاکسینەکە لە ئێستادا بڕەکەی ئەوەندە نییە کە هەمووان وەریگرن و تەنها پزیشکان و کارمەندانی بەشی پێشەوەی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا دەتوانن وەریگرن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “یەکەم پاڵنەری بەشداریکردنمان و وەرگرتنی ڤاکسینەکە پەیامێکە بۆ پزیشکان و کارمەندانی هێڵی پێشەوە تاوەکو بێن و ڤاکسینەکە وەربگرن چونکە ئەوان یەکەم هۆکاری بەهێزی ئێمەن بەرامبەر کۆرۆنا و دەبێت پارێزراو بن”.

وتیشی، ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق قسەمان کرد و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا واتە 15ی مانگ کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی کۆرۆنا بگاتە عێراق کە بڕەکەی 187 هەزار ژەمە ڤاکسینە و لە هەوڵیشداین ئەو بڕە زیاتر بکەین و وادەکەین کە لە دەهاتوودا سەرجەم هاوڵاتییان و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان ڤاکسین وەربگرن.

ئاماژەی بەوەکرد کە ئامارەکانی کۆرۆنا ڕۆژ بەڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە و بۆیە دەبێت لەگەڵ هێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا دەبێت ڕێکار و ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بەردەوام بن.

ڕاشیگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 344 کەس توشی کۆرۆنا بوون و چوار کەسیش گیانیانلەدەستداوە، ئەوانەشی ئێستا تۆماریان دەکەین زۆرینەیان زنجیرە نوێیەکەی کۆرۆنایە.

بابەتی پێشتر

پاپا پەیامێك ئاڕاستەی ژنانی عێراق دەكات

بابەتی دواتر

"ڤیدیۆ.. ورچەکانی گارا، لە نێوان ژیانێکی سروشتی و "سەگتێبەرداندا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share