دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەتۆمەتی بەشداربوون لە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئەم دواییەی بەغداد كەسێكیان دەستگیركردووە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا دژەتیرۆری هەرێم، ئاماژەی بەوەكردووە، “لەدوای تەقینەوەكە دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵی داوای هاوکارییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە مەبەستی دەستگیرکردنی بەشداربووانی ئەو تاوانە، بۆ ئەم مەبەستە ناوی داواکراوێکیان پێ داین کە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئەو گرووپەی کردەوە تیرۆریستییەکەی ئەنجام داوە”.
باسی لەوەشكردووە، “دوابەدوای بەدواداچوونی تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژە تیرۆری کوردستان، کەسی داواکراو دۆزرایەوە و دەستگیرکرا و دەرکەوت ناوی تەواوی بریتییە لە (ح. ی. ع. ح.) کە خەڵکی حەویجەیە و ئێستا دانیشتووی کەمپی (حسن شام)ـە و لەسەر فەرمانی دادوەر گومانلێکراو (ح) ڕادەستی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکرێتەوە”.