ژمارەی ئەو كەسانەی كە لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی ئەمریكا دانیشتوون 45 كەسن، لە جۆرج واشنتن-ەوە دەستی پێكردووە و دواین كەسیش دۆناڵد ترەمپ-ە كە لەسەر ئەو كورسییە دانیشتووە.
بەدرێژایی 231 ساڵ، لەو كاتەوەی یەكەم سەرۆكی پیاو لە ساڵی 1789 بووە سەرۆكی ئەمریكا 45 سەرۆك ئەو كورسییەیان بردووەتەوە بەڵام هیچ كامیان ژن نەبوون.
هەر سەرۆكێك ئەگەر ویلایەتی دووەمیش بباتەوە بۆ هەر ویلایەتێك تەنها چوار ساڵ سەرۆك دەبێت و لەو دوو خولە زیاتر بۆی نییە ببێت بە سەرۆك.
بە درێژایی نێوان ساڵانی 1932 بۆ 1976 هیچ سەرۆكێك نەبووە شكست بێنێت لەوەی ویلایەتی دووەم بباتەوە، سەرجەمیان لەو ماوەیەدا دوو ویلایەت سەرۆكی ئەو وڵاتە بوون و دواتر چونەتەوە بۆ ماڵەوە.
دوایین سەرۆكی ئەمریكاش كە شكستی هێناوە بەوەی ویلایەتی دووەم بباتەوە بۆشی باوك بوو، كە لە ساڵی 1992 بەرامبەر بیڵ كڵنتن شكستی هێنا.
لەپاش ئەوەوە، 28 ساڵە هیچ سەرۆكێك كورسییەكەی لەدوای خولی یەكەمەوە جێ نەهێشتووە و خولێكی دیكەشی پڕكردووەتەوە.
پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا ترەمپ دەتوانێت بەردەوامی بەو ڕێچكەیە بدات و ویلایەتی دووەم بباتەوە؟
ڕۆژنامەی ئیندپێندت-ی بەریتانی لیستی ئەو سەرۆكانەی ئەمریكای بڵاوكردووەتەوە كە نەیانتوانیوە ویلایەتی دووەم ببەنەوە كە بەم جۆرەیە;
جۆن ئادەمس
یەكەم سەرۆكی ئەمریكایە كە نەیتوانیوە ویلایەتی دووەم بباتەوە، لەژێر دەستی جۆرج واشنتن-یشدا كاری كردووە.
پاش ئەوەی جۆرج واشنتن دوو ویلایەت سەرۆكی ئەمریكا بووە پاشتر حزبەكەی ئادەمزی كاندید كرد و ئەویش تەنها توانی یەك ویلایەت بباتەوە.
جۆن كوینسی ئادەمس
لە خانەوادەی جۆن ئادەمزە و یەكێكە لەو سەرۆكانەی نەیتوانیوە لە یەك ویلایەت زیاتر سەرۆكی ئەمریكا بێت، شەشەم سەرۆكی ئەمریكا بووە لە سەردەمی سەرۆكایەتیی ئەودا دابەشبوون لەنێو پارتی دیموكراتی كۆمارییەكان ڕویداوە و ئەوەش بە هۆكاری شكستهێنانی دەبینرێت.
گرۆڤەر كلیڤلاند و بینجامین هاریسۆن
كلیڤلاند یەكەم كاندیدی دیموكراتەكان بوو لەپاش جەنگی ناوخۆیی ئەمریكا، لە ساڵی 1884 توانی كورسی سەرۆكایەتی بەدەست بهینێت، هەرچەندە ویلایەتی دووەمی نەبردەوە، بەڵام كۆڵی نەداو لە ساڵی 1892 جارێكی دیكە توانی كورسی سەرۆكایەتیی ئەمریكا بباتەوە.
ئەو كەسەی ویلایەتی دووەمی لە كلیڤلاند بردەوە لە ساڵی 1988 بینجامین هاریسۆن بوو، بەڵام دواتر هەمان ڕكابەری ئەوی بێبەری كرد لەوەی ببێتەوە بە سەرۆك.
وڵیام هاوارد تافت
27ەمین سەرۆكی ئەمریكا بوو لە ساڵی 1912 دەسەڵاتی گرتەدەست، بەڵام شكستی هێنا لەوەی دووبارە ببێتەوە بە سەرۆك.
هێربێرت هوڤێر
لە ساڵی 1928 وەك سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرا، 31ەمین سەرۆكی ئەمریكا بوو و لە نێوان ساڵانی 1929 بۆ 1933 كورسی سەرۆكایەتی لابوو.
لە كابینەكەی ئەودا و لە ساڵی 1929 ئەمریكا دووچاری داڕمانی ئابوری بوەوە، بۆیە زۆربەی كابینەكەی بە هەوڵدان بۆ باشكردنی ئابوری وڵاتەكەی بە هەدەردا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، دواجار بەرامبەر فرانكلین ڕۆزفێلت دۆڕا و نەیتوانی ویلایەتی دووەم مسۆگەر بكات.
جێراڵد فۆرد و جیمی كارتەر
جیرالد فۆرد تەنانەت نەك ویلایەتی دووەمی نەبردۆتەوە بەڵكو نەیتوانی دەنگی بوون بە سەرۆك بەدەست بهێنیت، چونكە پاش ئەوەی ڕیتشارد نیكسۆن سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا بەهۆی ئابڕوچونێكەوە دەستی لەكاركێشایەوە، ئەو جێگای گرتەوە.
بەڵام پاش تەواوبوونی ئەو خولە، خۆی كاندید كردوو نەیتوانی ببێت بە سەرۆكی ئەمریكا.
ئەوەی ڕكابەری فۆرد بوو نەیهێشت ببێت بە سەرۆكێكی هەڵبژێرداوی ئەمریكا، جیمی كارتەر بوو، كە لە هەڵبژاردنەكانی 1976 بووە سەرۆك و دواتر ئەویش نەیتوانی ویلایەتی دووەم بباتەوە.
جۆرج بۆشی باوك
41ەمین و دواین سەرۆكی ئەمریكایە كە شكستی هێنا لەوەی بۆ جاری دووەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بباتەوە، كە لە ساڵی 1992 بیڵ كڵینتن كاندیدی دیموكراتەكان توانی لێی بباتەوە.