تەندروستیی دهۆک: لەدوای جەژن دۆخی کۆرۆنا مەترسیدارتر دەبێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک هۆشداریی توند لە دۆخی ئێستای کۆرۆنا دەدات و ڕاشیگەیاند، کە دوای ڕۆژانی جەژن دۆخەکە مەترسیدارتر دەبێت.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دکتۆر حەمزە ڕەزکی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەو ژمارەی زۆرەی توشبووانی کۆرۆنا کە ئێستا تۆماریدەکەین بەڕاستی مەترسیدارە و نیشاندەرێکی خراپتربوونی دۆخی تەندروستییە”.

وتەبێژی تەندروستیی دهۆک جەختیکردەوە، “هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ئامارەکان زیاتر بەرزدەکاتەوە و کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخەکە هەیە، ئەمەش هۆکار دەبێت بۆئەوەی چاوەڕێی بەرزبوونەوەی زیاتری ئارەکانی توشبوون و گیانلەدەستدان بکەین لە دوای ڕۆژانی جەژن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئێستا لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنای دهۆک 130 نەخۆش لەژێر ئۆکسجیندان و 48 لەوانەی لە دۆخی سەختدان و لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد (CPAP)دان، بەدڵنیایی ئەو ژمارەیە بەرزتریش دەبێتەوە چونکە بەهۆی ڕۆژانی جەژنەوە جگە لە گەشتیاران تێکەڵییەکی زۆر بەبێ خۆپارێزی لەناو هاوڵاتییاندا هەبووە.

باسی لەوەشکرد، لە ڕۆژانی یەکەم  و دووەمی جەژندا ژمارەی توشبووان نەدەگەیشتە 600 بۆ 700 ، بەڵام تەنها دوێنێ 976 توشبوو هەبووە، جەختیکردەوە کە دۆخی ئێستای کۆرۆنا زۆر لە ساڵی پار مەترسیدارترە و هاوڵاتییانیش کەمتر خۆپارێزیدەکەن و ئەوەش مەترسیدارە.

بابەتی پێشتر

فوئاد حسێن: عێراق پێویستی بە دەوڵەتە نەک شۆڕش

بابەتی دواتر

دوای هەواڵی سێخوڕیکردنی ئیسرائیل بەسەرییەوە ماکرۆن ژمارە تەلەفۆنەکەی گۆڕی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share