فوئاد حسێن: عێراق پێویستی بە دەوڵەتە نەک شۆڕش

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد، لە گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عێراق پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تاوتوێدەکرێت و وتیشی، عێراق پێویستی بە دەوڵەتە نەک شۆڕش.

ئەمڕۆ هەینی گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عێراق بەڕێوەدەچێت و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلحوڕە ڕایگەیاند، لە گفتوگۆکاندا پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوتوێدەکرێت، جەختیشیکردەوە عێراق تائێستا پێویستی بە هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە بۆ پاڵپشتی و ڕاهێنان.

لەبارەی ئەو ناسەقامگیرییە سیاسییەی ئێستا عێراقی تیدایە فوئاد حسێن وتی، “عێراق پێویستی بە دەوڵەتە نەک شۆڕش”.

وەزیری دەرەوەی عیراق ڕوونیکردەوە، “دەوڵەت دوای ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و ئەو ڕاپۆرتانەی لەلایەنی پەیوەندیدارەوە پێیگەیشتووە، گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی عێراق ئێستا پێویستی بە هێزی شەڕکەری ئەمریکی نییە، ئەمەش لەگەڵ ئەمریکییەکان باسکراوە و ئەوانیش تێگەیشتنیان بۆ باتەکە هەیە”.

لەهەمانکاتدا ڕایگەیاند، کە بابەتی پێداویستی عێراق بە هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرەوپێشچوونی لایەنی ئەمنی و ڕاهێنانی هێزە عێراقییەکان دەخرێتەڕوو، هەروەها باس لە گرنگیی هاوکاریکردنی عێراق لە لایەنی هەواڵگریی سەربازی و هێزی ئاسمانیییەوە دەکرێت.

فوئاد حسێن وتیشی، “پێویستمان بە هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە و بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکەین، لەپێناو هاوکاریکردن و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعشدا، لەبەرئەوەی مەترسی و هێرشەکانی داعش ئێستاش لە عێراقدا بوونیان هەیە و نزیکترین بەڵگەش تەقینەوەکەی ئەمدوایەی مەدینە سەدرە”.

سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئەمڕۆی نێوان ئەمریکا و عێراق وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد، “ئەگەری هەیە ئەمە دوایین گەڕی گفتوگۆکانی ئەو بابەتانە بێت”، جەختیکردەوە کە گفتوگۆکانی ئەمڕۆ تەنها بابەتی ئەمنی و سەربازی نابێت بەڵکو کێشەی کارەبا، گاز، نەوت، پەروەردە، تەندروستی و چۆنێتی هاوکاریکردنی عێراق لە بوارەکانی بونیادنان و داراییدا بابەتی گفتوگۆکان دەبن”.

لەبارەی ئەو هێرشە موشەکیانەی لە عێراق ڕوویانداوە لە ماوەی ڕابردوودا فوئاد حسێن دەڵێت، “تەنها بوونی داعش هۆکاری سەرەکیی ئەو هێرشانە نییە، جیاوازییە سیاسییەکانیش ڕۆڵیان هەیە”.

ڕوونیکردەوە، لەعێراق ژمارەیەک لایەنی سیاسی هەن، کە گروپی چەکداریان هەیە، کە پێیانوایە دۆخەکە پێویستی بە شۆڕشە.

جەختیکردەوە، “عێراق پێویستی بە دەوڵەتە پێویستی بە شۆڕش نییە، شۆڕش دژی کێ؟”

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و یاساشكێنیی لەگەڵ وەزیری دادی عێراق تاوتوێكرد

بابەتی دواتر

تەندروستیی دهۆک: لەدوای جەژن دۆخی کۆرۆنا مەترسیدارتر دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پارتی لە سیناریۆكەی 2018 دەترسێت

پارتی لە سیناریۆكەی 2018 بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق دەترسێت و بۆی هەیە نەچنە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.…
Total
0
Share