ع ع شەونم.. لە وێردی سەر زمانی منداڵانەوە بۆ شاعیری هەموو نەوەکان

ئەمڕۆ کورد لە باشووری کوردستان مامۆستا و شاعیرێکی شارەزا و ئەدیبێکی بەتوانای لە دەستدا، ئەمڕۆ 10ی تشرینی یەکەم، مامۆستا عەلی عەبدوڵا ناسراو بە ع ع شەونم لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

شەونم یەکێک بوو لە مامۆستا هەرە شارەزا و ئەدیبە بەتوانا و شاعیرە بێ هاوتاکانی کورد، یەکێک بووە لە مامۆستا بەتواناکانی بواری پەروەردە و فێرکردن، ئەم شاعیرە لە ساڵی 1929 لە هەڵەبجە لە دایکبووە کەسێکی دیار و بە ئاگابوو لە ئەدەبی کوردیدا.

شەونم تەنها شاعیر نەبووە بەڵكو کەسێکی دەنگ خۆش، ئاوازدانەر، شێوەکار، خۆشنوس، مێژوونوس و شارەزا لە زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی بووە، یەکەم مامۆستا كە لە هەڵەبجەدا گروپی موزیک و سروود و گۆرانی دانا مامۆستا (ع.ع شەونم) بوو.

ناونیشانی شیعرەکانی (هاتم..هاتم..، پەڵپ و بیانووم پێ مەگرە، ئادەی مینەی لوولەک ژەن، لەگەڵ زۆر گۆرانی و سروودی تر، یەکێک لە هەرە بەرزترین هۆنراوەی نیشتمانی کە بووەتە وێردی سەر زمانی جەماوەری کوردستان، ئەو سروودە بەسۆز و هاندەر و بەتینەیە کە دەڵێت (جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە، بە تیشکی ئاگر ئەنوسم جەژنە پیرۆزە)، کە ئاوازەکەشی هەر هی خۆیەتی.

شەونم لە ئەدەبی مناڵاندا بۆشایییەکی زۆری پڕکردوەتەوە کە چێژ و تامێکی تایبەتی هەیە و نمونەی پەروەردە و رِێنمایی جگەرگۆشەکانە بۆ پەیڕەوی یاسا و دەستورەکانی ژیان و دوورکەوتنەوە لە کارە خراپەکان.

داڕشتنی ئەم جۆرە هۆنراوانە لە سەر زمانی حاڵی مناڵاندا هۆنراونەتەوە. شەونم یەکێکە لە دامەزرێنەری (یەکێتیی نوسەرانی کورد) لقی بەغداد، ساڵانێک لێپرسراوی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی بووە، یەکەم خەڵاتی شیعری بنکەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی سلێمانی پێبەخشراوە.

 

بابەتی پێشتر

ئاگربەست لە قەرەباغ ڕاگەیەنرا

بابەتی دواتر

وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ڕوداوی مردنی بەڕێوبەری كۆمپانیا كۆرییەكە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share