ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان.. لە داستانی كۆبانێ و شكاندنی داعشەوە بەرەو ناساندنی فەرمیی خۆبەڕێوەبەری

ئەمڕۆ ساڵیادی دەستپێكی قۆناغێكی گرنگی پارچەیەكی كوردستانە، یادی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان بەرامبەر ڕژێمی سوریا، دواتریش شەڕ و بەرگری بەرامبەر بە گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن، داعش و هەروەها هێرش و داگیركارییەكانی توركیا.

نۆ ساڵ لەمەوبەر و دوای دەستپێكی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی “بەهاری عەرەبی” لە ناوچە جیاوازەكانی سوریا، لە ڕۆژئاوای كوردستانیش ناڕەزایەتی دەستیپێكرد و دواتر سروشتی شۆڕش و بەرخودانی وەرگرت.

لەدوای دەستپێكی ناڕەزایەتییەكان، پێكهاتەی عەرەبی سوننەی سوریا، لە ڕووی سیاسییەوە ئەنجومەنێكی تایبەت بە خۆیان دروستكرد، هەروەها لەڕووی سەربازیشەوە “سوپای ئازادی سوریا”ی پێكهێنا، كوردانی ڕۆژئاوای كوردستانیش دەستەوەستان نەبوون و بە خوێندنەوەی واقیع و پێشهاتە نوێكە، جوڵەی خۆی كرد.

خۆڕێكخستن و بەرەنگاربوونەوە

یەكەم هەنگاوی خۆڕێكخستنی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان پێكهێنانی یەكینەكانی پاراستنی گەل – یەپەگە بوو، بەو هەنگاوە شۆڕش و بەرخودانی كوردانی ڕۆژئاوا چووە قۆناغێكی دیكەوە.

شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان قۆناغی جیاوازی بڕیوە، بەتایبەت لە ڕووی سەربازییەوە تووشی هێرش و شەڕفرۆشتنی جیاواز بووەتەوە.

سەرەتا لەڕووی سەربازی و ئیدارییەوە هێزەكانی سەر بە رژێمی سوریا و دامەزراوە دەوڵەتییەكانی دیمەشق لە رۆژئاوای كوردستان كرانە دەرەوە و كورد ئیدارەی سەربازی و حوكمڕانیی ناوچەكانی خۆی گرتە دەست.

دواتر بەشیك لە گروپە چەكدارە سورییەكان و بەتایبەت بەرەی نوسرە لە ساڵی 2013 دەستیانكرد بە هێرشكردنە سەر چەند ناوچەیەكی ڕۆژئاوای كوردستان، لە سنوور و خاكی توركیاوە هێرشیانكردە سەر سەرێكانی و گرێسپی، بەڵام بەرپەرچدرانەوە و هەوڵەكەیان شكستیپێهێنرا.

قۆناغێكی دیكەی بەرگری لە ڕۆژئاوای كوردستان، كە قورسترین بوو، هێرشی ڕێكخراوی داعش و بەرخودان بوو دژ بە داگیركارییەكانی.

داعش لە هاوینی ساڵی 2014 چەند ناوچەیەكی لە سوریا و عێراق داگیركرد و بەردەوام قەڵەمڕەوییەكەی لە فراوانیدا بوو، بەڵام ڕۆژئاوای كوردستان بەشێكی زۆری خاكەكەی پاراست و هەرزوو ناوچە داگیركراوەكانی ئازادكردەوە.

یەكێك لە داستانە تۆماركراوەكانی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان، بەرگری بوو لە كۆبانێ، كە داعش بە تەواوی هێزیەوە و بەیارمەتیی توركیا هەوڵی داگیركردنی دا، بەشێكی زۆری شارەكەی داگیركرد، بەڵام كوردانی رۆژئاوا كۆڵیان نەدا و ڕۆژی 26ی كانونی دووەمی 2015 ڕزگاركردنی تەواوی كۆبانێ لەدەستی داعش ڕاگەیەندرا، داستانی بەرگرییەكە بووە سیمبولی بەرخودانی رۆژئاوا، لە تەواوی جیهان دەنگیدایەوە.

ساڵی 2018 قۆناغێكی دیكەی سەخت لەڕووی سەربازییەوە ڕووی لە ڕۆژئاوای كوردستان كرد، توركیا و گروپە چەكدارە سورییە گرێدراوەكانی هێرشیان كردە سەر عەفرین، هێزەكانی سوریای دیموكرات – هەسەدە ماوەی 58 ڕۆژ بەرگریی كرد، بەڵام دواجار داگیركرا.

دواتر و لە ساڵی 2019 توركیا و گروپە گرێدراوەكانی، هێرشی داگیركارییان كردە سەر شارۆچکەکانی سەرێکانی و گرێسپی و داگیریانكرد، ئەمەش دوای ئەوەی هەر لەو ساڵەدا هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان تەواوی خاكی ڕۆژئاوا و تەواوی سنووری ژیر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان ڕزگاركرد و كۆتایی بە خەلافەتەكەی داعش هێنرا.

ئەزموونی ڕۆژئاوای كوردستان لە ڕووی ئیداری و سەربازییەوە

لە ساڵی 2015دا كوردانی ڕۆژئاوا بۆ خۆبەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ئەزموونەكەیان، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان دروستكرا و حوكمڕانیی تەواوی رۆژئاوای كوردستان و باكوور و خۆرهەڵاتی سوریای گرتە دەست، ئەزموونی حوكمڕانییەكەی لەڕووی خزمەتگوزاری، بژێوی، كشتوكاڵ، ئاسایش، ئازادیی سیاسی و بوارە جیاوازەكانەوە، سەرەڕای بەربەست و شەڕفرۆشتنەكان، ئەزموونێكی سەركەوتووی پێشكەشكردووە، باڵانسی جێندەری لە بەڕێوەبردنی ئیداری، سەربازی، سیاسی و حزبایەتییدا كاریلەسەركراوە و جێبەجێكراون.

جگە لە كورد، پێكهاتە جیاوازەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان و باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا لە ڕووی ئیداری و سەربازییەوە بەشدارییان پێكراوە و لایەنگری و پشتیوانیی زۆریان بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەیە.

هەوڵی سەرەكیی ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستان بریتییە لە سەرپێخستنی سیستمێکی هەرەوەزی و پێكەوەبەستراو، كە كار لەسەر توانای خۆبژێوی لە بوارە جیاوازەكان، بەتایبەت كشتوكاڵ دەكات، دەیەوێت لە تەواوی لایەن و بوارەكانەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بگاتە ئاستی خودتوانایی.

لەڕووی پەروەردە و فێركردنیشەوە سیستمێکی تایبەت بە خۆی داناوە و تەواوی پێكهاتە جیاوازەكان بە زمانی دایك دەخوێنن و لەو بوارەدا تەواوی مافیان پارێزراوە.

لەڕووی سەربازیشەوە چەند ساڵێكە لە ڕۆژئاوای كوردستان هێزەكانی سوریای دیموكرات -هەسەدە پێكهێنراوە و جگە لە یەپەگە و هێزە كوردییەكانی دیكە، پێكهاتەكانی دیكەش بەشدارن لە دروستكردنیدا.

ڕۆژئاوای كوردستان چەند ساڵێكە پەیمانێكی كۆمەڵایەتیی هەیە، كە وەك دەستوور وایە، لەئێستادا خەریكی هەمواركردنەوەی پەیمانەكەن بۆ باشتركردن و بەدیموكراسیتر كردنی، ئەرك و مافەكان دیاریكراوتر دەبن و ناوەند و دامەزراوە جیاوازەكانی ڕۆژئاوا باشتر پێكەوە دەبەسترێنەوە.

ناساندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەشێوەیەكی فەرمی

شەش ساڵە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا دامەزراوە و كاروبارەكانی ناوچەیەكی فراوانی رۆژئاوای كوردستان و سوریا بەڕێوەدەبات، بەڵام تا ئێستا نە دیمەشق، نە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەفەرمی دانیان پێدانەناوە، بۆیە لەساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستاندا چەند ڕۆژێكە هەڵمەتێك بۆ بەفەرمی ناساندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەستیپێكردووە، هەڵمەتەكە لە سۆشیال میدیا دەستیپێكردووە.

لەو چوارچێوەیەدا مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات – هەسەدە، لە ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان لە تویتەرەوە پەیامی بڵاوكردەوە، داوای بەشداریکردنی لە هەڵمەتەكە کردووە بۆ ناساندنی خۆبەڕێوبەری، نوسیویەتی، “دەستدەکەین بە کەمپەینێکی بەهێزکردنی تێکۆشان بۆ مسۆگەرکردنی داهاتووی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کەمپەینەکەمان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەدەچیت و دەگاتە هەموو ڕێکخراوە جیهانییەکان”.

عەبدی لە تویتێکی دیکەدا دەڵێت، “شۆڕشی ڕۆژئاوا گەلی ئێمە و جیهانی لە تاریکیی داعش پاراست، بەڵام ئیدی کاتی ڕازاندنەوەی ئەم شۆڕشە هاتووە”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی ناوخۆ ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی تایبەت بە ڕۆژانی جەژن بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

پاسەوانی لقێکی بانکی جیهان پلانی هەبووە ئەم جەژنە بانکەکە ببڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share