نرخی بەنزین دابەزی و ئەگەری زیاتریش هەیە

چاوەڕوان دەكرێت دوای جەژن وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاری كۆتایی بدات

لە هەولێر نرخی بەنزین نزیكەی 100 دینار دابەزی و جێگری پارێزگاری شارەكەش دەڵێت، بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەرچووە لەسەر كەمكردنەوەی باج، بەڵام سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان دەڵێت، بەنزین ھەرزان نەبووە و “قۆرغكاری” تێدا هەیە.

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بڕیارێك لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە دەرچووە بۆ كەمكردنەوەی باج لەسەر بەنزین و، هاوردەكردنی لە ئێران و توركیا و هەر وڵاتێك كە پێشتر بەنزینی لێ هاوردە كراوە.

وتیشی، “لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بڕیارەكە جێبەجێنەكراوە، بڕیارە دوای جەژن وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاری كۆتایی بدات و دواتریش جێبەجێ بكرێت”.

چاوەڕوان دەكرێت لابردنی باج نرخی بەنزین كەمتر بكاتەوە، جێگری پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، “كۆنتڕۆڵی كوالێتیی بەنزین دەكرێت”.

لای خۆیەوە ڕێبوار عەبدولڕەحمان، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، دوای بەدواداچوونم بۆ پرسی گرانبوونی نرخی بەنزین و پەیوەندیکردن بە وەزیری سامانە سروشتیەکان و خستنەڕووی پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی، “لە دوێنێوە نرخی بەنزین بۆ هەر لیترێک 100 دینار دابەزی و نرخەکە بەرەو داکشانە”.

ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، ڕەنگە لێرە و لەوێ وێستگە و بەنزینخانە هەبێت نرخەکەی هێشتا دانەبەزاندبێت، “بەڵام نرخی بەنزین لە زیاتر لە 27 بەنزینخانە لە دوێنێوە دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینییووە”.

ئەو دابەزینە ڕێژەییەی بەنزین لەكاتێكدایە، لەماوەی ڕابردوودا بە چەند جارێك نرخی ئەو سوتەمەنییە بەرزكرایەوە و بەهۆیەوە لە سلێمانی و چەند ناوچەیەكی دیكە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی لێكەوتەوە.

بەڵام عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان بۆچوونێكی دیكەی هەیە و لە نوسینێكدا دەڵێت، “بەھیچ شێوەیەک بەنزین ھەرزان نەبووە”.

ئاشكراشیدەكات، حکومەت خۆی ملیۆنێک لیتر بەنزینی ھەیە، بە قۆرغکاری بە 620 دینار دەیداتە (كار، کوردنەفت و سەن ئۆیل)، ئەوانیش تێکڕا لە 26 بەنزینخانە دەیدەن بە 660 دینار.

عەلی حەمەساڵح ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، هەمان ئەو كۆمپانیایانە بەنزین بە نرخی 775 دینار دەدەن بەنزینخانەكانی تر و ئەوانیش ناچارن بیدەن بە 800 دینار و، دوپاتیشیدەكاتەوە، “ئەمە قۆرغکارییەکی مەترسیدارە بۆ بەرژەوەندی سێ کۆمپانیا لەسەر حسابی خەڵک”.

بابەتی پێشتر

فەیسبووك دووبارە وەڵامی بایدن دەداتەوە.. هاندەری بەكارهێنانی ڤاكسین بووین

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێم زیاتر لە 13 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی بەنداوەکان تەرخان دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share