بەهرۆز بوچانی مافی پەنابەرێتی لە نیوزلەندا وەرگرت

دەسەڵاتدارانی وڵاتی نیوزلەندا، ئەمڕۆ هەینی 24ی تەمموز، ڕایانگەیاند بەهرۆز بوچانی، نووسەری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە نزیکەی شەش ساڵ بوو لە دوورگەیەکی ئوستورالیا لە کامپێکدا ڕاگیرابوو، مافی پەنابەرێتی لە نیوزلەندا پێبەخشراوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بوچانی هەشت مانگ لەمەوبەر بە مەبەستی پێشکەشکردنی وتارێک لە فێستیڤاڵێکی ئەدەبیدا چووبووە نیوزلەندا، سەرەڕای بەسەرچوونی ماوەی سەردانیی ڤیزاکەی بەڵام لە شاری “کرایستچێرچ”ی ئەو وڵاتە ماوەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کۆچی نیوزلەندا، فیۆنا وایتڕیج وتوویەتی، “لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ساڵی 1951ی پەیوەندیدار بە دۆخی پەنابەران و پرۆتۆکۆلەکانی ساڵی 1967، مافی پەنابەرێتی بە بوچانی بەخشرا”.

وایتڕیج بە ئاژانسی ڕۆیتەرز-ی وتووە، “لەبەر هۆکاری یاسایی و تایبەتمەندی، فەرمانگەی کۆچی نیوزلەندا ناتوانێت هیچ لێدوانێکی زیاتر لەوبارەیەوە بدات”.

زانکۆی کانتەربێری لە نیوزلەندا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بوچانی دەبێتە توێژەری یاریدەدەر لە دامەزراوەکەیان.

بوچانی لە ساڵی 2013 لە دوورگەی مانوس لە ئوستورالیا دەستگیرکرا.

لە کتێبەکەیدا “هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان”، کە بە مۆبایلەکەی نووسیبووی و دواتر لەڕێی “واتساپ”ـەوە ناردبووی بۆ بڵاوبوونەوە و بەرزترین خەڵاتی ئەدەبیی ساڵی 2019ی لە ئوستورالیا پێوەرگرت، باسی گەشتەکەی و دۆخی خۆی لە دەستبەسەریدا دەکات.

 

بابەتی پێشتر

لە گوندێکی ئیتالی دوای هەشت ساڵ منداڵێک لەدایکبوو

بابەتی دواتر

ماکە نوێکانی ئەپڵ بە تەماشاکردنی شاشەکەی دەکرێنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share