لافاوەكەی ئەڵمانیا.. زەنگی هۆشدارییە بەرەو ئاووهەوای دژوارتر؟

بەشێك لە كاریگەرییەكانی لافاوەكە

لافاوی گەورە لە ناوەڕاستی هاویندا بەهۆی (باهۆزی بیرنت) زیانی گەورەی مرۆیی و ماددی بە ئەڵمانیا گەیاندووە، شیكردنەوەی شارەزایانی ئاووهەوا لەسەر دیاردەكە چییە؟ ئایا زەنگی مەترسییە بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە؟

شەقام و ماڵەكان بە ئاو داپرشراون، ئۆتۆمبێلی زیانپێگەیشتوو و هەڵگەڕاوە و درەختی هەڵكەندراو بەدەم ئاوەوە دەبینرێن، هەموو ئەمانە بەهۆی ئەو لافاوەوەیە كە بەشێك لە ناوچەكانی ئەڵمانیای گرتووەتەوە، ڕووداوێكی سروشتی كە چەند دەیەیەكە وڵاتەكە بەخۆیەوە نەیبینیوە.

باران و لافاوەكە لە بەلجیكا و هەندێك وڵاتی دیكەش ڕوویداوە و زیانی هاوشێوەی گەیاندووە.

بارانبارین ئاستی پێوانەیی تێپەڕاندووە، ئاسی ئاوی لافاو لە ناوچەی ڕور لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا گەیشتووەتە ئاستی پێوانەیی بەجۆرێك لە هەندێك شوێن تەوژمی ئاو گەیشتووەتە 1450 مەتر سێجا لە چركەیەكدا، كە 20 هێندەی ئاستی ئاساییە.

تائێستا تیمەكانی فریاگوزاریی ئەڵمانی سەرگەرمی گەڕانن بەدوای سەدان كەسی بێسەروشوێندا دوای ئەوەی گیان لەدەستدانی دەیانی دیكە ڕاگەیەنرا.

ڕۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی لەسەر لاپەڕەی یەكەمی خۆی كارەساتی لافاوەكەی بە “لافاوی مردن” ناوبردووە.

زەنگی ئاگاداركردنەوە!
بەشێوەیەكی گشتی لە وەرزی هاویندا باران لە ئەڵمانیا دەبارێت، بەڵام بارانی زۆر و ڕوودانی لافاوی پێوانەیی و زیانی لەو جۆرە پرسیاری زۆر دەهێنێتەوە ئاراوە، نەك تەنها لەسەر ئاستی وڵاتەكە بەڵكو لەسەر ئاستی جیهان دەربارەی گۆڕانی ئاووهەوا و مەترسییەكانی.

یوهانس كواس، شارەزای كەشوهەوا لە زانكۆی لایبزیگ وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و دەڵێت، “ئەمە دۆخی سروشتیی نوێیە. گۆڕانی ئاووهەوا ناسنامەی دۆخی سروشتیش دەگۆڕێت. ئێمە بە خاوی لە دۆخێكی سروشتیی نوێ نزیكدەبینەوە كە شێوازی جۆراوجۆری بارانبارین لەخۆدەگرێت”.

بیرند میلیگ، بەرپرسی ژینگە لە ویلایەتی باكووری ڕاین و ستڤالیا، كە یەكێكە لە ناوچە زۆر زەرەرمەندەكان بە لافاو، دەڵێت، “بەشێوەیەكی گشتی ئەم جۆرە دۆخانە تەنها لە زستاندا دەبینین، بەڵام ڕووداوێكی وا و، بەو بەهێزییە، نائاساییە لە هاویندا”.

شارەزایانی ژینگە و ئاووهەوا ڕونیدەكەنەوە كە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما وادەكات دیاردەكانی كەشوهەوا پەڕگیرتر بن، بەهۆی ئەوەی بەرگەهەوا كە زیاتر گەرم بووە بڕێكی زۆرتری ئاو گلدەداتەوە.

فریدریك ئەوتۆ، شارەزای ئاووهەوا لە پەیمانگای گۆڕانی ژینگە لە زانكۆی ئۆكسفۆرد وتی، ئەو بارانبارینەی لە چەند ڕۆژی كەمی ڕابردوودا لە سەرجەم ناوچەكانی ئەوروپادا بینیمان، كەشوهەوایەكی یاخییە و توندییەكەی زیادەكات بەهۆی گۆڕانی ئاووهەوا و زیاتریش دەبێت هاوكات لەگەڵ زیادبوونی قەتیسبوونی گەرما.

س: DW

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. لافاوی هاوینە لە ئێرانیش زیانی گەیاند

بابەتی دواتر

گەشتیارێکی عەرەب لە نزیک قەرەداغ خنکا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share