فێرناندۆ پێسوا.. هونەری وەرگێڕان

نازانم ئەگەر کەسێک هەبێت مێژووی وەرگێڕانی نووسیبێتەوە، ڕاستە کتێبێکی گەورە و لاپەڕەزۆری لێ دەردەچێت، بەڵام زۆریش سەرنجڕاکێش دەبێت. وەک مێژووی دەقدزین – کە شاکارێکە چاوەڕێی نووسەرێکی ڕاستەقینەیە بینووسێت- چەندین وانەی ئەدەبی لێ دەڕژێت. هۆکارێک هەیە کە یەکیان ئەوی تریان زەق دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە: وەرگێڕان دەقدزینە لە ژێر ناوی نووسەرەکەیدا. نووسینەوەی مێژووی لاساییکردنەوەی گاڵتەبازانە پێڕەکە تەواو دەکات، چونکە وەرگێڕان لاساییکردنەوەیەکی گاڵتەبازانەی وردە لە زمانێکی تردا. ئەو پرۆسە مێنتاڵیانەی کە لە لاساییکردنەوەیەکی باشدا لە کاردایە، هەمان ئەو پرۆسانەن کە لە وەرگێڕانی ورددا دەکرێت. لە هەردوو حاڵەتەکەدا گونجاندنێکی ڕۆحی نووسەرەکە هەیە بۆ مەبەستێک کە هەر لە بنەڕەتەوە نووسەرەکە نەیبووە. لە لاساییکردنەوەدا مەبەستەکە ڕابواردنە، لە کاتێکدا ئەو کەسەی لاسایی کراوەتەوە بە جددی ئەوەی کردووە کە لاسایی کراوەتەوە؛ لە وەرگێڕاندا مەبەستەکە زمانێکی دیاریکراوە، لە کاتێکدا نووسەر مەبەستی زمانێکی تر بووە کە زمانی خۆیەتی. ئاخۆ لە داهاتوودا کەس لاسایی ڕابواردنێک دەکاتەوە تا بیکاتە شیعرێکی جددی؟ دڵنیا نیم لەوە. بەڵام هیچ گومانی تیدا نییە کە هەندێک شیعر- تەنانەت شیعری زۆر ناوازەش- شتی پێوە دەنرێت هەر بە وەرگێڕانی بۆ ئەو زمانەشی کە پێی نووسراوە.

ئەمەش ئەو پرسە دەورووژێنێت کە ئاخۆ ئەم مەسەلەیە پەیوەندیی بە هونەرەکەوە هەیە یان پەیوەندیی بە هونەرمەندەکەوە هەیە، کەسەکە خۆیەتی یان ئەو بەرهەمەیە کە بەرهەمی دەهێنێت؟ ئەگەر مەسەلەکە پەیوەندیی بە بەرهەمەکەوە هەبێت کە دەبێتە هۆی چێژلێبینین، ئەوا بەهانەی ئەوەمان دەبێت کە شیعرەکانی شاعیرێکی بەناوبانگ وەربگرین – ئەڵبەت شیعر شتێکی کامڵ- و لە ژێر ڕۆشناییی ڕەخنەکاری سەردەمێکی تردا، بە لابردن و گوزارشتگۆڕین و خستنەسەر شیعرەکە بکەینە شیعرێکی کامڵ. بۆ نموونە شیعری “سروودی نەمری”ـی ویلیام وۆردسوۆرس، شیعرێکی نایابە، بەڵام زۆر دوورە لەوەوەی شیعرێکی کامڵ بێت. لەم ڕوانگەیە دەتوانرێت دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەی باشتر ببێت.

تاقە سوود لە وەرگێڕانەکاندا ئەوەیە کە وەرگێڕانەکان قورس بن، واتە یان ئەوەتا لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تەواو جیاواز لەوەی یەکەم، یان وەرگێڕانی شیعرێکی زۆر زۆر ئاڵۆز بێت ئەگەر بۆ سەر زمانێکی زۆر ئاشنا و نزیکیش بێت لە زمانی یەکەمەوە. هیچ خۆشییەک لە وەرگێڕان لە نێوان زمانەکانی پورتوگالی و ئیسپانیدا نییە. هەر کەس بتوانێت شیعرەکە لە زمانێکیانەوە بخوێنێتەوە، وەرگێڕانەکەی لە زمانەکەی تریشدا پێ دەخوێنرێتەوە، لەبەر ئەوە هیچ سوودێک لە وەرگێڕانەکەدا نابێت. بەڵام بۆ نموونە وەرگێڕانی شەکسپیر بۆ یەکێک لە زمانە لاتینییەکان کارێکی بووژێنەرەوە دەبێت، واتە بووژێنەرەوەی شیعرەکانی شەکسپیر. گومانم هەیە لەوەی ئاخۆ بتوانرێت وەربگێڕدرێتە سەر زمانی فەڕەنسی؛ بەڵام کارێکی زۆر قورسە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی ئیتاڵی یان ئیسپانی؛ بەڵام بەو پێیەی زمانی پورتوگالی زمانێکی نەرمتر و ئاڵۆزترە، ڕێی تێدەچێت بتوانرێت بۆ سەر پورتوگالی وەربگێڕدرێت.

 

بابەتی پێشتر

مێژووی داری کریسمس

بابەتی دواتر

ئەو فۆتۆیانەی ژیانی کەسەکان دەگۆڕن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share