ئەو فۆتۆیانەی ژیانی کەسەکان دەگۆڕن

لە سەرانسەری جیهان، فۆتۆگرافەرەکان هەوڵدەدەن پاداشتی کەسانی ناو فۆتۆکانیان بدەنەوە. بەڵام ئایا فۆتۆگرافی لە بنەڕەتدا بۆ قازانج کردنە؟

گرام گرین دەڵێت: چاوپێکەوتنی خەڵکی لە سەرانسەری جیهان یەکێکە لە باشترین خەڵاتەکانی ژیانی فۆتۆگرافەران. لە ماوەی ١٥ ساڵ گەشتکردن لەگەڵ کامێراکەمدا، چەندین هۆزی دوورەدەست و کەمپینی هاوڕەگەزبارەکان، قوربانیان و فڕاندنەکان، میوزیکژەن، قەرەج ، سەربازە منداڵەکان، دەشتەکییەکان، خۆپیشاندەران و زیاترم بینیوە و فۆتۆم گرتوون. چیرۆکە بەهێزەکان لەگەڵمدا ماونەتەوە. هیوادارم فۆتۆکانی من و چیرۆکەکانیان سودێکی پێگەیاندبن.

وەک کەسێک کە حەزم لەبەردەم کامێرا نییە، هەمیشە سەرم دەسوڕمێ کە چۆن خەڵک ئارەزووی هاتنە بەردەم کامێرا و چاوپێکەوتن دەکەن. زۆرینەیان خۆشحاڵن کە کەسێک هەیە بایەخ بە ژیان و گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان دەدات .

بەڵام پرسیاری ئەوەی کێ قازانج لە فۆتۆکان دەکات ئاڵۆزە. فۆتۆگرافەران دەتوانن لە چەند لایەکەوە سوود لە کارەکانیان ببینن، لە پارەی ڕۆژنامە و گۆڤار و پێشانگاکان و کتێب و هەندێ جار لە ناوبانگیش. لە کاتێکدا ڕەنگە کەسانی ناو فۆتۆکان هیچیان دەست نەکەوێت یان ڕەنگە هەست بکەن بەکارهێنراون.
زۆرینەی فۆتۆگرافەران هەستێکی بەرپرسیارێتیان تێدایە لە کارە فۆتۆگرافییەکانیاندا. وەکو فۆتۆگرافەرە ڕۆژنامەنووسییەکانی وەک ئامی ڤیتال و سیزەر دێزفولی، کە تێکەڵبوونیان بەو کەس و دیمەنانەی کە وێنەی دەگرن زیاترە وەک لە بڵاوکردنەوەی چیرۆکە فۆتۆییەکان.

فۆتۆگرافەری فەڕەنسی خیان دەڵێت، “من باوەڕم بە کارما هەیە. هەندێک جار فۆتۆی کەسانێک دەگرین کە دۆخی داراییان پێچەوانەی دۆخی ئێمەیە، پێم وایە کە دەبێت دادپەروەر بین. وەک ژیانی خۆم و پسپۆڕ لە گرتنی فۆتۆی پۆرترەیت لە گەشتەکاندا، بە بێ ئەم کەسانە بەم ڕۆژە نەدەگەیشتم. ڕەوا نییە بە فۆتۆکانی ئەوان پارە پەیدا بکەیت و یارمەتیان نەدەیت.”

خیان لە ڕابردوودا بەلەمێکی سەوڵ لێدانی بەخشی بە مادام زۆنگ، کە لە بەرگی یەکەم کتێبیدا دەرکەوت و پاسکیل و مانگا و کامێرای بۆ کەسانی ناو وێنەکانی کڕیوە، هەروەها بەخشینی پارە بۆ پەروەردە و تەندروستی و چاکردنەوەی خانووەکان بۆ کەسانی دیکە. خیان دەڵێت، “ماوەیەکی زۆر لەگەڵ کەسەکاندا بەسەر دەبەم پێش ئەوەی فۆتۆیان بگرم. چیرۆکەکانیان دەزانم و زۆرکات وەکو خێزانمان لێ دێت. فۆتۆکان لە ئەنجامی ئەو چەند ساتە هاوبەشە دروست دەبن، پێموانییە بتوانم هەمان فۆتۆ بگرمەوە گەر پەلە بکەم و وەکو گەشتیارێک دەرکەوم”.

خیان دەڵێت، “هەتاوەکو کار لەگەڵ ئەم فۆتۆیانە بکەین و لە ڕێی گۆڤار و ئەو گەشتانەوە پارە پەیدا بکەین ئەوا دەبێت پاداشت دانەوەکە ڕاستەوخۆ بکرێت. زۆر فۆتۆگرافەر پێیان وایە کە پاداشتدانەوە، کەسەکان فێر دەکات داوای شتی دیکە بکەن. دەکرێت ئەمە ڕاست بێت، بەڵام زۆرینە ئەم بیانووە بەکاردەهێنن تاوەکو هیچ نەبەخشن.”
بناغەی کارەکە.

دەکرێت فۆتۆگرافی ڕێگەیەکی بەهێز بێت بۆ پیشاندانی هەڕەشەی سەر هۆزە دوورەدەستەکان بۆ لەدەستدانی خاکەکەیان لە ئەمازۆندا یان لەناوچوونی هەڵۆکانی هیندستان، دەتوانێت هۆشداری بڵاوبکاتەوە و ئەو چیرۆکانە بگێرێتەوە کە نابینرێن. دەتوانێت پارە ببەخشێت بە دۆخەکە یان گەشتیاری و داهات زیاد بکات. تێگەیشتنی خەڵک لە کەسەکان و بابەتەکان و هەندێک جار گۆڕینی ڕێڕەوی چیرۆکێک. ئەگەر هیچیشیان نەبێت. فۆتۆ دەتوانێت پەنجەرەیەک بێت بۆ سەر جیهان.

فۆتۆگرافەری سروشت، مایکڵ کێنا دەڵێت، “دەبێت هەموومان ئەوە قبوڵ بکەین کە بە فۆتۆگرتن و بڵاوکردنەوەی فۆتۆکان، ئێمە ئەوە دەگۆڕین کە فۆتۆی دەگرین، هەندێکجار بۆ خراپ و هەندێکجار بۆ باش.” هەندێک لە فۆتۆگرافەرانی سروشت جێگەی فۆتۆکانیان بە نهێنی دەهێڵنەوە. ئەو کەسانەی کە گرنگی بە سروشت دەدەن و فۆتۆی دەگرن، دەبێت ئەوەندەش گرنگی بە پاراستنی بدەن.
فۆتۆگرافەر مارگۆت ڕاگێت، دامەزرێنەری پرۆژەی یادکردنەوەی سروشت دەڵێت، “من بە تەواوی باوەڕم بەو بۆچوونە هەیە کە ئەو فۆتۆگرافەرانەی لە فۆتۆگرتنی سروشتەوە پارە پەیدا دەکەن دەبێت شتێک ببەخشنەوە بەو سروشتە. ئەگەرنا، بە سادە و ساکاری ئەوە بەکارهێنانە لە بەرامبەر قازانجێکدا.”

هاوشێوەی خیان و دێزفولی، زۆرینەی فۆتۆگرافەران هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن بەرامبەر ئەو کەسانەی ناو وێنەکانیان. بۆ نموونە ستیڤ ماکیوری کە 40 ساڵ لە ئەفغانستاندا فۆتۆی گرتووە، خانوویەکی بۆ شاربەت گوڵە کڕی، ئەو کچەی لە وێنەی “کچە ئەفغانییەکە”ـی ساڵی ١٩٨٤یدا هەبوو. هەروەها خولێکی فێربوونی فۆتۆگرافی بۆ کچانی ئەفغانستان کردەوە.

پێدانی کات و هاوسۆزی و ڕێز شتگەلێکن کە هەموو فۆتۆگرافەرێک دەتوانێت بیبەخشێت. ڤیتاڵ دەڵێت، “فۆتۆگرافی دەکرێت ئامڕازێکی گرنگ بێت بۆ دروستکردنی هۆشیاری و تێگەیشتن لە نێوان کەلتوور و کۆمەڵگا و وڵاتەکاندا. دەکرێت کاریگەری نەرێنیشی هەبێت.” هەروەها دەشڵێت، “لە هەموو شوێنێک خەڵک دەبینم، زۆرکات لە دوورترین شوێن و نەبینراون، کە جیاوازییەک دروست دەکەن لەسەر ئەم هەسارەیە. هیوادارم بتوانم چیرۆک و پەیامە بەهێزەکانیان گەورە بکەم تا ببنە ئیلهامبەخش بۆ کەسانی دیکە. شتێک کە فێری بووم ئەوەیە کە توانای تاکێک لە دروسکردنی کاریگەری ئەرێنیدا، ڕاستە. گرنگە ئەوەندەی لە توانامدا بێت بیبەخشم ئەگەر بە ڕێگایەکی بچوکیش بێت. خەڵکی ناخیان هەڵدەڕێژن و باسی ژیانیانم بۆ دەکەن. ئەوە کەمترین شتە کە بتوانم بۆیان بکەم.”

بابەتی پێشتر

فێرناندۆ پێسوا.. هونەری وەرگێڕان

بابەتی دواتر

زیرەکیی دەستکرد هەڕەشە لە کاروپیشەکانی داهاتوو دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share