چۆمان.. لە شەڕی نێوان بنەماڵەیەكدا دوو برا برینداربوون

لە شەڕی نێوان دوو ئامۆزادا لە سنووری قەزای چۆمان دوو برا برینداربوون، ڕووداوەكە دوای ئەو شەڕە دێت دووشەو پێشتر ئەو بنەماڵەیە لەگەڵ خەڵكی چەند گوندێكی ناوچەكەدا ئەنجامیاندا.

ئێوارەی ئەمڕۆ ماڵی دوو ئامۆزای سەر بە بنەماڵەی بەرەكەیی لە سنووری قەزای چۆمان بەشەڕهاتن و بەهۆیەوە دوو برای یەكێك لە خێزانەكان برینداربوون.

سوارە ئەكرەم، قائیمقامی قەزای چۆمان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ڕووداوەكە لە كوێستانی دۆڵێ ڕوویداوە و بریندارەكان برینەكانیان سوكە و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان.

وتیشی، “لەئێستادا كێشەكە كۆتایی هاتووە و، بڕیاردان لەسەر ڕووداوەكەش بۆ دادگا جێهێڵدراوە”.

قائیمقامی چۆمان ئەوەشی ئاشكراكرد، هێزێكی سەر بە فەرماندەیی یەك و پشتیوانیی هەڵگورد لەنزیك شوێنی ڕووداوەكە جێگیركراون.

ڕووداوەكەی ئەمڕۆ لەكاتێكدایە شەوی یەكشەممە جارێکی دیکە شەڕی نێوان دانیشتووانی چەند گوندێکی قەزای چۆمان و خەڵکی بەرەکەیی، کە کەمتر بە خەڵکی ناوچەکە دادەنرێن، دروستبوو و بەهۆیەوە كەسێك كوژرا و چەند بریندارێكیشی لێكەوتەوە.

شەڕەکە لەسەر کێشەی سنووری لەوەڕگا بووە و گوندنشینان پێیانوابووە لایەنی بەرامبەر سنووری ئەوانیان تێپەڕاندووە.

دوێنێ قائیمقامی چۆمان ڕایگەیاند، لایەنەکانی شەڕەکە خزمی یەکترن و ژن و ژنخوازیان لە نێواندا هەیە.

ماوەی دوو ساڵە کێشەی زەویی کوێستانه‌كان، لەنێوان چوار گوندی باڵەکایەتی بەتایبەت گوندی ئێنێ لەگەڵ بەرەکەییان دروستبووە، ئەمساڵیش لە مانگی چوارەوە کێشەکە سەری ھەڵداوەتەوە.

بابەتی پێشتر

بەرپرسێكی باڵا: هەر میدیایەك بە پارەی یەكێتی دروستكرابێت موڵكی یەكێتییە و دەگەڕێندرێتەوە

بابەتی دواتر

حەوت ئەندامی خێزانێك لە سوتانی نەخۆشخانەكەی زیقار گیانیان لەدەستداوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share