وەک دەردەکەوێت، دوای کۆتاییهاتنی حوکمی کاسترۆکان لە دەسەڵات، بەشێک لە خەڵکی کوبا چیتر ناتوانن ناڕەزایەتییەکانیان دژی دەسەڵاتی ئێستای کوبا بشارنەوە و بە وتنەوەی دروشمی “ناهێڵن بژین” لەسەر شەقامەکانن.
هەزاران کوبایی، دژی حکومەتی کۆمۆنیستی وڵاتەکەیان، چوونەتە سەر شەقامەكان، ئەوە سەرەڕای ئەوەی دەستگیرکردن و زیندانیکردنیان لە هەر خولەکێکدا ئەگەری هەیە ڕووبدات.
خۆپیشاندەران دروشم دەڵێنەوە دژی سیاسەتی وڵات و دەڵێن، “نان نییە، ئازادی نییە، ناهێڵین بژین”.
سەرەڕای سیاسەتی دەوڵەت، سزاکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر ئابوری ئەو وڵاتە داناوە و تەواو ڕوبەڕووی قەیرانی دارایی کردووەتەوە.
کوباییەکان لەوە نیگەرانن، سەرەڕای گرانبوونی پێداویستی و دەرمان، حکومەت کەمتەرخەمە لە دابینکردنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا، یان ڕێکارەکان دژی ئەو پەتایە.
وتەی “دیکتاتۆر” یەکێکە لەو دروشمانەی لەسەر شەقامەکان گوێبیستی دەبیت، بەشێک لە خۆپیشاندەران دەڵێن، “ئیتر دیکتاتۆرییەتمان ناوێت”.
ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان لە کوبا ڕێکاری قورسی هەیە و لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند ڕۆژەدا، چەندین کەس لەلایەن پۆلیس و پۆلیسی مەدەنییەوە دەستگیرکراون.
میگێل دیاز، کە دوای سەردەمی فیدێل کاسترۆ و براکەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، پێدەچێت کەموکوڕییەکانی 50 ساڵی ڕابردووی وڵاتی بەسەردا ساخبێتەوە و لە نوێترین قسەیدا لەسەر خۆپیشاندەران دەڵێت، “ئەمریکا لە پشتی ناڕەزایەتییەکانەوەیە و هاوکارییان دەکات”.
دیاز وتی، “لە ساڵی 1962 وەوە ئەمریکا سزای ئابوریی لەسەر کوبا هەیە و ئەو سزایانە بە تەواوی کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵک داناوە.”
سەرۆکی وڵات داوای لەلایەنگرانی “شۆڕش” کرد بچنە سەر شەقامەکان و دژی ئەو کەسانە بجوڵێنەوە، کە ئەو پێی وایە ئەمریکایان لە پشتە.
برایانی کاسترۆ (فیدێل و ڕاوول)، نزیکەی 50 ساڵ حوکمی کوبایان کرد و خۆیان وەک نوێنەری شۆڕشی کۆمۆنیستی کوبا ناساند، فیدێل کاسترۆ لە ساڵی 1974 ەوە وەک سەرۆکی وڵات مایەوە تا 2008 ، لەو کاتەوە تا ئەمساڵ ڕاوول کاسترۆی برای حوکمی وڵاتی کرد، دوای ئەوانیش میگێل دیاز بووە سەرۆک کۆمار، پێدەچێت هەموو کەموکورتییەکانی ئەو چەند ساڵە لەسەری دیازدا بشکێندرێت.