قاسملو و هاوڕێیانی.. لەشەڕ و گفتوگۆدا هەر بەدوای سەندنی گیانیانەوە بوون

ئەمڕۆ 32  ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆركردنی عەبدولڕەحمان قاسملو و هاوڕێکانی لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، ڕووداوێک دژی هەموو عورفێکی گفتوگۆ و دانیشتن لەنێوان هێزە دژبەرەکانی جیهاندا، لەو ڕووداوەدا، کە لە 13 ی تەموزی ساڵی 1989 ڕوویدا، ئەو كەمە متمانەیەی هێزە کوردییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیانبوو، لە دوای ئەو ڕووداوە کۆتایی هات.

عەبدولڕەحمان قاسملو، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی بەریتانی، بەر لە تیرۆرکردنەکەی، بێمتمانەیی خۆی بە سەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت، “سەرەڕای پەشیمانبوونەوەی سەرانی شۆڕشی ئیسلامی، لە چەندین کاتدا شەڕیان پێفرۆشتین و دیاربوو دوژمندارییان لەگەڵ کورد ڕاگەیاندووە”.

دوای 18 ساڵ لە ئیدارەدان و بەهێزکردنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، قاسملو لەگەڵ ئەوەی متمانەی زۆری بە سەرانی کۆماری ئیسلامی نەبوو، بەڵام ڕێگا و دەرگای ئاشتی و گفتوگۆی دانەخست و ئامادەی دانیشتن بوو، لەگەڵ شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڤیەننا، کە ڕەنگە هیچ کەسێک پێشبینیی ئەوەی نەکردبێت وڵاتێک لەناو جەرگەی ئەوروپادا دەست بۆ چەک بەرێت و بە ڕۆژی ڕووناک تەقە لە سیاسەتمەدار و ئەو لایەنە بكات، كە دەستەكانی بێچەك و دەم و زمانی بۆ گفتوگۆ ئامادەبوو.

لەو ڕووداوەی 13 ی تەموزی ساڵی 1989 دا، جگە لە قاسملو، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازیل ڕەسول مەحمود، کە ئەمەی دووەمیان خەڵکی باشووری کوردستان بوو، لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، تیرۆرکران.

بێئەنجامی لە دۆسیەی تیرۆركردنی قاسملو و هاوڕێیانی سەرەڕای بوونی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، یەکێکە لەو پرسیارانەی ڕوبەڕووی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئەوروپا و جیهان دەکرێتەوە، چونکە بەڵگەی تەواو هەبوو، کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو سێ کەسەی تیرۆرکردووە، بەڵام خاوی لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە و بێئەنجامی دۆسیەکە، گومانی ئەوەی دروستكرد ئێران بە ڕێککەوتن ئەو کارەی كردبێت.

ژیانی سیاسی قاسملو

عەبدولڕەحمان قاسملو لە ساڵی 1930 لە ورمێ لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند لە دایکبووە، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە ورمێ و پاشان لە تاران خوێندنی تەواوکردووە.

بەهۆی ئەوەی لەناو بنەماڵەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا گەورەبووە، وەک قاسملو خۆی دەڵێت، لە 11 ساڵییەوە لەکاتی نزیکبوونەوەی دروستکردنی کۆماری مەهاباددا سەرنجی خستووەتە سەر سیاسەت.

قاسملو لە کتێبی “چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی” دەڵێت، “پاش سەفەری 30  کەس لە کوردەکان بۆ باکۆ لەسەر بانگھێشتنی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1942 دا، ھەر چەند ئەو کاتە من تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بەڵام وەک زۆر منداڵی ئەو سەردەمە سیاسەت سەرنجی ڕاکێشابووم”.

عەبدولڕەحمان قاسملو ساڵی 1945 تێکۆشانی سیاسیی خۆی بە دامەزراندنی یەكێتیی لاوانی دیموکرات لە شاری ورمێ دەستپێکردووە، دوای ئەو ساڵە، ڕوخانی کۆماری مهاباد کاریگەری لەسەر فیکر و بۆچوونی داناوە و تێگەیشتووە، کە کورد بێپەنایە و پێویستی بە خەباتی دوور و درێژە بۆ سەندنەوەی مافەکانی.

لە دوای تاران، قاسملو لە ساڵی 1948 ڕووی لە پاریس کرد و دوای دامەزراندنی “کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا”، لە ڕێگەی حکومەتی پاشایەتی ئێرانەوە فشار خرایە سەر فەرەنسا، کە قاسملو ئەو وڵاتە جێبهێلێت و بەرەو چیکۆسلۆڤاکیای جاران بەڕێبکەوێت.

 لە ساڵی 1970 ، لەگەڵ بەیاننامەی 11 ی ئازار، عەبدولڕەحمان قاسملو، لە ئەوروپاوە گەڕایەوە کوردستان و ئەرکی زیندووکردنەوەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لەئەستۆگرت، دوای چەندین ساڵ خەبات و کاریگەری بەسەر پرسی کوردەوە لە جیهاندا، کۆماری ئیسلامی ئێران، دوای 10 ساڵ لە شۆڕشی ئیسلامی، لەسەر مێزی گفتوگۆ و دوور لە هەموو ڕێسایەکی گفتوگۆ و دانوستان، کۆتایی بە ژیانی قاسملو و دوو هاوڕێی هێنا.

بابەتی پێشتر

ئەو هاوڵاتییەی لە ڕووداوی ئاگری مزگەوتەکەی هەولێر سوتا گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

لەكاتی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی 12 هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share