دۆناروما لە گۆڵپارێزێکەوە بووە ئەفسانەی ئیتاڵیا

جیانلویجی دۆنارومای گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2020 باشترین ئاستی پێشکەشکرد و بووە باشترین جێگرەوە بۆ جیانلویجی بوفۆنی ئەفسانەی وڵاتەکەی.

دۆنارومای تەمەن 22 ساڵ لە هاوینی 2021 لە میلانەوە پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە کرد، دوای ئەوەی داوای لە یانە ئیتاڵییەکەی کرد موچەی ساڵانەی بۆ زیادبکەن، کێشە لەنێوان ئەو و هاندەرانی میلان و ئیتاڵیا دروستبوو، زۆرینەی سەرچاوەکان بە پارەپەرست و کەمتەرخەم وەسفیان دەکرد.

لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی نوسیویەتی، ناوبراو لە میلان ساڵانە تەنها 10 ملیۆن یورۆ موچەی وەرگرتووە، بەڵام لە پاریس موچەکەی 15 ملیۆنە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو بە باجەوە داهاتی ساڵانەی دەگاتە 60 ملیۆن یورۆ و دەبێتە یەکێک لە گرانبەهاترینەکانی جیهان.

دوای چنینەوەی ناسناوی یورۆ، وەرزی داهاتوو بە هاوکاری مباپێ و نێیمار و ڕامۆس و ڤێراتی و چەندین ئەستێرەی دیکە، بەدرێسی پاریسەوە هەوڵی چنینەوەی ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەدات، کە لە ئەگەری بردنەوەدا دەبێتە ئەفسانەیەکی ڕاستەقینەی بواری تۆپی پێ.

سەرچاوەکە نووسیویەتی، سەرەڕای ئەوەی تەمەنێکی گەنجی هەیە، بەڵام لە ئێستاوە بووەتە ئەفسانە، بەوپێیەی فریادڕەسی ئیتاڵیا و هۆکاری سەرەکی بووە بۆ بردنەوەی ناسناوی یورۆ، ئەوەش دوای ئەوەی سێ لێدانی یەکلاکەرەوەی ئینگلتەرا، هەروەها بەرامبەر ئیسپانیا پەناڵتی ئەلڤارۆ مۆراتای ڕەتکردووەتەوە، لە کۆی پاڵەوانێتییەکە لە سێ یارییدا گۆڵەکەی بە خاوێنی هێشتووەتەوە، تەنها چوار گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە.

دۆناروما دووەم گۆڵپارێزە لە مێژووی ئەوروپا دەبێتە باشترین یاریزانی یورۆ، دوای پیتەر شمایکڵی ئەفسانەی دانیمارک ساڵی 1992، هەروەها سێیەم گۆڵپارێزە لە تەواوی مێژووی تۆپی پێدا خەڵاتی باشترینی پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی بەدەستدەهێنێت.

بابەتی پێشتر

یاریزانە ڕەشئەسمەرەکانی ئینگلتەرا ڕوبەڕووی ڕەگەزپەرستی بوونەوە

بابەتی دواتر

یوڤانتۆس پاداشتی کیلینی دەداتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share