ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا ئاشکرایکرد لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا تورکیا لە عەفرین، 38 تاوانی کوشتن و 303 ڕفاندنی ئەنجامداوە، داواش دەکات لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بچنە شارەکە بۆ بینینی ڕوداوەکان.
ئەمڕۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سوریا گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، لەژێر ناوی “ئەو تاوانانەی لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا داگیرکەری تورکیا لە عەفرین ئەنجامیداون”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە بەرواری 2021/1/1 تاوەکو 2021/7/1 تورکیا 35 هاوڵاتیی کوشتووە، لەو ژمارەیە نۆ ژن و 13 منداڵ هەن.
ڕفاندنی هاوڵاتییانی کورد، بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ ئیدارەی پێشوو کە ژمارەیان دەگاتە 303 کەس، لەو ژمارەیەش 25یان ژن و منداڵن.
دەرکردنی دانیشتوانی ناوچە کشتوکاڵییەکان لە کێڵگە زەیتونەکان و کێڵگەکانی سێو، هەروەها فرۆشتنی ئەو بەروبوومانە بەناوی بەرهەمی تورکیاوە.
بڕینەوەی زیاتر لە 13 هەزار و 230 و سوتاندنی پێنج هەزار درەخت، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی 11 هەزار درەختی دیکە.
کارکردن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و دروستکردنی 10 ئۆردوگای نیشتەجێکردن لە زەوییە کشتوکاڵییەکان، کە موڵکی دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە بەبێ وەرەبووکردنەوە و هەڕەشەلێکردنیان بە کوشتن و ڕفاندن ئەگەر سکاڵا تۆماربکەن.
سەپاندنی زمانی تورکی هاوشانی زمانی عەرەبی لە خوێندنگەکاندا و نەهێشتنی زمانی کوردی لەسەر بڕوانامەی ناوەندی و ئامادەیی و نوسراوی مامۆستایان و فەرمانبەران.
بردنی سامان و شوێنەوارەکانی ناوچەکە بۆ ناو خاکی تورکیا کە ژمارەیان 18 شوێنە.