نرخی نەوت زیاتر دابەزی

نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەكانی جیهان زیاتر دابەزی و یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 73.30 مامەڵەی پێوەكرا.

بەهۆی دواخستنی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی ئۆپیک پڵەس و چاوەڕوانیی بڕیارەكانی كۆبوونەوەی داهاتوویان، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەكاتی كردنەوەی بازاڕەكاندا جارێكی دیكە نرخی نەوت دابەزی و یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 73.30 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا، لەكاتێكدا دوێنێ بە سەروو 74.50 دۆلار مامەڵەی پێوەكرابوو.

هاوكات، نرخی بەرمیلێك نەوتی خۆرئاوای تەكساس ئەمڕۆ بۆ خوار 72 دۆلار دابەزی، لەكاتێكدا دوێنێ نرخەكەی نزیك بوو لە 73.50 دۆلار.

ڕۆژی دووشەممە وڵاتانی ئۆپیک پڵەس كۆبوونەوە بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێككەوتن بۆ زیادكردنی هەناردەكردنی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ بازاڕەكانی جیهان، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ڕێككەوتن و بڕیارێك، بەتایبەت بەهۆی ناڕەزایەتیی ئیمارات لەو پشكەی لە زیادكردنەكەدا بۆی دیاریكرابوو.

نەگەیشتنە ڕێككەوتنی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس بووە هۆی ئەوەی نەوت لە نزیكەی 78 دۆلارەوە لەماوەی سێ رۆژی ڕابردوودا، چەند دۆلارێك داكشێت و بە نزیكەی 73 دۆلار مامەڵەی پێوەبكرێت.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ئینگلتەرا بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاری کۆتایی یورۆ

بابەتی دواتر

دووبارە ناوچەی سەوز موشەكباران كرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share