وەزیری کارەبای عێراق لەسەر پرسی گاز سەردانی ئێران دەکات

شاندێکی وەزارەتی کارەبای عێراق سەردانی ئێران دەکات، بەغدا دەیەوێت تاران بڕی ئەو گازە زیادبكات، كە رؤژانە بۆ وێستگەكانی كارەبای عێراقی دەنێرێت، بەو پێیەی ئەو بڕەی ئێستا پێداویستییەكان پڕناكاتەوە، هەروەها قەرزەکانی سەر وەزارەتی کارەبای عێراقیش تاوتوێدەكرێت.

ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، “لە هەفتەی داهاتوودا ماجد حەنتوش وەزیری کارەبا، بە سەرۆکایەتیی شاندێک دەچێتە ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە بۆ بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکارییەکان لە بواری کارەبادا”.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسە عێراقییە، یەکێک لە تەوەرەکان بابەتی بەردەوامی و جێگریی هەناردەکردنی گاز دەبێت بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاویندا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران ئێستا بە بڕی 20 ملیۆن پێ سێجا گاز لە ڕۆژێکدا ڕەوانەی عێراق دەکات، ئەم بڕە گازە ناتوانێت پێداویستیی وێستگەکانی کارەبای وڵاتەكە پڕبکاتەوە، لە وەرزی هاویندا بڕی گازی پێویست بۆ ئەو وێستگانە دەگاتە 70 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێكدا.

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەشڵێت، “وەزیری کارەبا لە سەردانەکەیدا باس لە قەرزەکانی ئێران لەسەر عێراق دەکات، کە بڕەکەی چوار ملیار دۆلارە”.

سەردانەكەی وەزیری كارەبای عێراق بۆ ئێران و بەردەوامیی وڵاتەكە لە هاوردەكردنی گازی ئێرانی بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، لەكاتێكدایە ماوەی ڕابردوو قسە لەسەر ئەوە دەكرا، بەغدا جێگرەوەی دیكە بۆ گازی ئێران بدۆزێتەوە، بەتایبەت لە سعودیەوە، بەو پێیەی نرخەكەی هەرزانتر لەسەر عێراق دەكەوێت، بەڵام لەوبارەیەوە هیچ هەنگاوێكی كرداری دیار نییە.

بابەتی پێشتر

ڕوسیا دڵنیایە لەوەی ڤاكسینی سپۆتنیك V بەرامبەر بە كۆرۆنا هیندییەكە كاریگەرە

بابەتی دواتر

نرخی دراوە بیانییەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share