سبەی ژمارەیەكی دیكەی چالاكوانانی بادینان دادگایی دەكرێن

سەرۆك و دوو دادوەری دادگاكە گۆڕاون

بڕیارە سبەی دانیشتنێكی دادگا تایبەت بە ژمارەیەكی دیكەی چالاكوانانی بادینان بەڕێوەبچێت، كەسوكاری چالاكوانانیش داوا لە هاوڵاتییان دەكەن لە دانیشتنەكەدا هاوشانیان بن و دەڵێن، “هیواخوازین بە تەنیا بەجێمان نەهێڵن، كەسوكارمان لەسەر داوای مافی گشتی دەستگیرکراون”.

بڕیارە سبەی یەكشەممە 5ی تەمموز لە دادگای كەتنی دووی هەولێر دانیشتنی تایبەت بە دادگاییكردنی پێنج چالاكوانی دیكەی دەستگیركراوی بادینان بەڕێوەبچێت.

پێشتر بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دانیشتنەكەی سبەی تایبەت دەبێت بە هەریەك لە چالاكوانان، (عامر خالد عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خلیل مجید، سلێمان كەمال سلێمان و سلێمان موسا ئەحمەد).

وتیشی، ڕۆژی دووشەممەی داهاتووش 12ی ئەم مانگە دانیشتنێكی دیكەی دادگا بەڕێوەدەچێت تایبەت بە چالاكوانان (مەسعود شەنگالی، شیروان طه امین، كارگەر عەباس عەلی و بەندەوار ئەیوب) و دادگاییەكەش بەپێی ماددەی 1ی یاسای ژمارە 1ی پەرلەمانی كوردستانە، كە تایبەتە بە سیخوڕی و تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی.

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ كەسوكاری چالاكوانان لە ڕاگەیەنراوێكی بەپەلەدا بانگەوازێكیان ئاراستەی گشت فراكسیۆنە جیاجیاكانی پەرلەمانی كوردستان، ڕێکخراوەكانی مافی مرۆڤ، پارێزەران و چالاكوانان و خەڵكی مەدەنی كرد كە “لەكاتێکدا ڕێگری لە پارێزەران كراوە”، ئەوان لە دادگا ئامادەبن و بەرگری له چالاكوانان بكەن.

دەشڵێن، چالاكوانان به “تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سیخوڕی بۆ (ئەمریكا، بەریتانیا، مستەفا كازمی و د. بەرهەم ساڵح)” دادگایی دەكرێن، بۆیە تكا لە هاوڵاتییان و خەڵكی بەهەڵوێست دەكەن لەو ڕۆژەدا هاوشانیان ئامادەبن و چاودێریی بەڕێوەچوونی دادگاییەكە بكەن.

كەسوكاری چالاكوانان دووپاتیشیدەكەنەوە، “هیواخوازین بەتەنیا بەجێمان نەهێڵن، كەسوكارمان لەسەر داوای مافی گشتی دەستگیرکراون”.

پێشتر دادگای هەولێر سزای 5 چالاكوانی بە شەش ساڵ زیندانیكردن دیاریكرد.

جگە لەو چالاكوانانەش، بڕیارە هەریەك لە مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی لە 17ی ئاب دادگایی بكرێن، هاوكات 35 چالاكوانی دیكە هەن، كە دۆسیەكانیان هێشتا لە ئاسایشە.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. نرخی یەك ئەمپێر كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی ڕابردوو 9 هەزار دینارە

بابەتی دواتر

قوربانیانی ڕووداوی فڕۆكەكەی فلیپین ڕاگەیەنرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share