سوتاندنی ئاڵای كوردستان و بارەگای پارتی لە بەغداد و كاردانەوەكان

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەكەم، چاوی میدیاكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر ڕوداوێك بوو كە لە بەغدادی پایتەختی عێراق ڕویدا، “خۆپیشاندەران هەڵیانكوتایە سەر بارەگای پارتی لە بەغداد” بووە مانشێتی میدیاكان، بەڵام ئەوەی زۆربەی بەرپرسانی هەرێم و عێراقی هێنایە قسە سوتاندنی ئاڵای كوردستان بوو لەلایەن هەمان گروپی خۆپیشاندەرەوە.

سوتاندنی ئاڵای كوردستان كە ئاڵایەكی دەستورییە لە بەغدادی پایتەخت و بێڕێزی بەو ڕەمزەی كوردەكان، لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێم و عێراق ڕەتكرایەوە و ڕایانگەیاند “جێگای قبوڵ نییە”.

ڕوداوەكە چۆن ڕویدا و هۆكار چی بوو؟
ژمارەیەك هاوڵاتی كە وەك “ئەندام و لایەنگری حەشدی شەعبی” خۆیان ناساندبوو، چوونە ناو باڵەخانەی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاگریان لە باڵەخانەکە بەردا، لەکاتێکدا كە هێزی ئەمنیی عێراقی، لە نزیک لقی پارتی بوون، بەڵام خۆپیشاندەران چوونەتە ناو باڵەخانەکە و ئاڵای حەشدی شەعبی-یان لەسەر بارەگای پارتی هەڵکرد.

لای خۆیەوە ڕاستەوخۆ دوای ڕوداوەكە، محەمەد بەسری، سەرکردە لە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، “ئەو کارە هیچ پەیوەندی بە حەشدی شەعبی-یەوە نییە، هەڵکردنی ئاڵای حەشد لەسەر بارەگاکە بە مانەی بەرپرسیاریەتیی حەشدی شەعبی نایات، چونکە لە زۆرینەی ناڕەزایەتییەکاندا ئاڵای عێراق لەسەر ئەو شوێنانە هەڵدەکرێت کە بارەگاکانیان دەسوتێنرێت لەکاتێکدا ناکرێت بوترێت حکومەت لێی بەرپرسیارە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی-ین کە لەسەر بنەمای کاردانەوە و هەستوسۆز کردوویانە، هەر کەسێکیش تانە لە دامەزراوەیەکی ئەمنی یان خوێنی شەهیدان بدات، چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کە ئەو کاردانەوەیەی بەرامبەر بکرێت.

ئاماژەكانی وتەكانی ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی ڕوو لە وتەیەكی هۆشیار زێبارین، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییدا، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، “حەشدی شەعبی ئێستا بەغداد و هەولێری کردووەتە ئامانج وەک چۆن پێشتر داعش کردبوویە ئامانج”.

پاش وتەكانی هۆشیار زێباری، شەقامی شیعە و بەتایبەت لایەنگرانی حەشدی شەعبی ناڕەزایەتییان دەربڕی، تەنانەت توڕەبوونی شیعەكان گەیشتە نێو پەرلەمانی عێراق و لە دانیشتنی ڕۆژی 14ی ئەم مانگە، بەهۆی ناکۆکی نێوان ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی فەتح لەسەر هەمان پرس كێشە دروستبوو و دانیشتنەكە دواخرا.

دواتر، هاوپەیمانی فەتح داوایکرد، هۆشیار زێباری دوای لێبوردن بکات، ئەگەرنا قسەکانی لەسەر حزبەکەی حساب دەکرێن.

کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان زانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی توڕەن، بە ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئەندامێکی خۆیەوە کە ئەندامی شاندی دانوستانکاری نێوان پارتی و لایەنە عێراقییەکان بوو لە دوای ڕیفراندۆم ڕایگەیاند، “وتەکانی هۆشیار زێباری بۆچوونی خۆیەتی”.

بەنگین ڕێکانی لە تویتەری خۆیەوە ڕایگەیاند، “بۆچوونی پارتی لەسەر عێراق و لایەنگرانی حەشدی شەعبی تەنها لە سەرۆکی پارتەکە و وتەبێژ و سەرۆکی فراکسیۆنەکانەوە وەردەگیرێت”.

زیباری داوای لێبوردنی نەكرد و توڕەیی لایەنگرانی حەشد دانەمركایەوە، كار گەیشتە ئەوەی ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەکەم، کۆمەڵێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی چونە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغداد و سوتاندیان و بەوەشەوە نەوەستان و ئاڵای كوردستانیشیان گڕ تێبەردا.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە دەستەی حەشدی شەعبی لە ژێر ناونیشانی (بۆ دۆستان و لایەنگرانمان) بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، “تێدەگەین لە هەستی عێراقییەکان و ئەوانەی سوورن لەسەر قوربانیدان و خوێنی شەهیدانی حەشدی شەعبی، پاڵپشتیش لە ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانە دەکەین لەچوارچێوەی دەستووردا، بەڵام بە هەموو شێوەیەک کاری توندوتیژی و تێکدەرانە ڕەتدەکەینەوە بە هەرجۆرێک لە جۆرەکان”.


“دەستدرێژی بۆ سەر ئەو ئاڵایەی قوربانیمان بۆ داوە جێی قبوڵ نییە”
سوتاندنی ئاڵای كوردستان و سوكایەتی كردن پێی، كاردانەوەی گەورەی لە هەرێمی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا، زۆربەی بەرپرسانی باڵای هەرێم ڕاگەیەندراویان بڵاوكردەوە.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەبارەی ڕوداوەكانی ئەمڕۆی بەغداد و بێڕێزی كردن بە ئاڵای كوردستان ڕایگەیاند، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و وتی، “ئاڵای پیرۆزی کوردستان، شکۆی نەتەوەیی و قوربانیدان و بەرهەمی خوێنی شەھیدانمانە، ھیچ بیانوو و پاساوێک جێگای قبوڵکردن نابێت کە دەستدرێژی بێت بۆ خاک و ئاڵاکەمان کە قوربانیمان بۆداوە”.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەشی ڕاگەیاند، “ئێمە مێژووی خۆمان خۆشدەوێت کە مێژووی برایەتی و پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن و سەرنەوینەکردنە بۆ دوژمنانی خاک و گەلەکەمان”.

ئەوەشی خستەڕوو، “پاراستنی پیرۆزییە نەتەوەییەکانمان ئەمانەتی باوباپیران و نیشتمان و یەکێتییەکەی مامە، کە دەستیپێوەدەگرین و دەیپارێزین”.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكردووە، “لە ھەمووکات زیاتریش پێویستمان بە یەکخستنی ڕیزەکانی گەلەکەمانە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تەحەدییەکان و لەگەڵ دڵسۆزەکانمان لە بەغداد و ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان لە ھەڕەشەکان بپارێزین، ھەر شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان”.

مەسعود بارزانی: ئیدانەی ئەو پەلامارە نامەردانەیە دەکەین
لەلایەکی دیکەوە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر هەمان پرس ڕایگەیاند، “هەواڵی پەلاماردانی بارەگای لقی ٥ـی پارتی لەلایەن تاقمێکی گێرەشێوێنمان پێ گەیشت، کە لە ئەنجامی ئەو کردەوە نایاساییەدا سووکایەتییان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئاڵای پارتی کردووە”.

بارزانی وتوشیەتی، “بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو پەلامارە نامەردانەیە دەکەین و لێرەدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە پەلامار و دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک لە پێگەی کورد و بەها باڵاکانی گەلی کوردستان کەم ناکەنەوە، بەڵام بەڕوونی دواکەوتوویی و بێ فەرهەنگی و عەقڵیەتی ئەو تاقمە شەڕانگێزە بۆ هەموو لایەک دەردەخات”.

مەسعود بارزانی لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا وتویەتی، “ئەو چاوەڕوانییەمان لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق هەیە کە ئیجرائاتی پێویست لە بەرامبەر ئەو پەلاماردەرانە بگرێتە بەر، لە هەمان کاتدا جەختیش لەوە دەکەینەوە ئەوانەی بیانەوێ پەلاماری پارتی بدەن و سووکایەتی بە بەهاکانی گەلی کوردستان بکەن، دواجار باجی ئەو کارەیان دەدەن”.

سەرۆكی هەرێم داوا دەكات هەمووان ئارام بن
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی، “ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین، هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كيى ڕووخاندنى دكتاتۆرى بووه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژووی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان، هەروەها هەڕەشه‌يە بۆ سەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە”.

سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، “هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق مێژوویەکی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی هەموو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتووە”.

لەبارەی کاردانەوەی لێدوانێکی هۆشیار زێباری نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە، “نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێک لە هیچ بوارێکدا ئەو هاوبەشییە تازەیەی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقى تازه‌دا تێکبدات، دەبێ هەموو لایەک ئەو هاوخەباتییەی ڕابردوو بەکار بێنین بۆ یارمەتیدانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەپێناو هێنانەکایەی بەڕێوەبردنێکی باشتر کە لە خزمەت خەڵکی عێراقدا بێت”.

نێچیرڤان بارزانی داوای لە هەموو لایەک کردووە کە بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە بكەن.

قوباد تاڵەبانی داوای یەكڕیزی كورد دەكات
لەلایەكی دیكەوە لەسەر هەمان ڕوداو لە ڕاگەیەنراوێکدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “سوتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان كە سیبمولی باڵای گەلەكەمانە و هەروەها هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغداد، بە شێوازێكی نایاسایی و ناشارستانی جێگای قبوڵکردن نییە و هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەكان لە پایتەختی فیدراڵی عێراق”.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ئەم هەنگاوە “زاڵكردنی هێزی چەكە بەسەر مەنتیقی عەقڵ و دیالۆگدا و ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی گەورەی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستیی كورد”.

هەروەها لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای لێكردووە “لیژنەی تایبەتمەند لێكۆڵینەوەی خێرا ئەنجامبدەن و ڕێوشوێنی یاسایی دژ بە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بگیرێتەبەر”.

حكومەتی هەرێمیش هاتەسەر خەت و لە ڕاگەیەندراوێكدا پاش سەركۆنەكردنی سوتاندنی ئاڵالا كوردستان و هێرش بۆسەر بارەگای پارتی ئاماژەی بەوەكرد، “پێویستە حكومەتی فیدراڵ ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغداد و هەر شارێکی دیکە لە هێرشی هەر گروپێکی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر”.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی ڕاگەیاندووە، بە مافی خۆی دەزانێت هەموو ڕێوشوێنێكی یاسایی و ڕێگەپێدراو بۆ پاراستنی هاوڵاتییان و دەستكەوتەكانی و ڕێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بگرێتەبەر.

داواشی لە حكومەتی فیدراڵ كر، ڕێوشوێنی یاسایی بگرێتەبە و هێرشکاران بە سزای خۆیان بگەیەنن.

مەكتەبی سیاسیی پارتی هۆشدار دەدات
پاش ڕوداوەكە، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هەمان پرس لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی، “له‌ كاتێكدا به‌توندترین شێوه‌ ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ نا به‌رپرسانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌رامبه‌ر باره‌گایه‌ك كراوه‌ كه‌ ته‌نیا ئه‌ركی‌ ئه‌نجامدانی چالاكی سیاسییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا، له‌ هه‌مان كاتدا هۆشداری ده‌ده‌ین كه‌ ئه‌وانه‌ی ناویان له‌خۆیان ناوه‌ (ربع الله‌) و هاوكاره‌كانیان، كرده‌وه‌كانیان دوور و نزیك په‌یوه‌ندیان به‌ ئیسلامه‌وه‌ نییه‌ و ناوی ئیسلام ته‌نیا بۆ په‌رده‌پۆشكردنی تاوانه‌كانیان به‌كاردێنن”.

مەكتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، داوا لە حكومەتی فیدڕاڵی دەكەین، له‌ زوترین كاتدا ئیجرائاتی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌رانی بگرێته‌ به‌ر، كه‌ گروپێكی ناسراون و ڕاگه‌یاندراویان سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌كه‌یان بڵاوكردووەته‌وه‌، هه‌روه‌ها نیگه‌رانی و دڵگرانیی خۆشمان ده‌رده‌بڕین له كه‌مته‌رخه‌می ئه‌و هێزانه‌ی پاراستنی باره‌گه‌كه‌یان پێسپێردرابوو كه‌ به‌داخه‌وه‌ وه‌كو پێویست به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆیان هه‌ڵنه‌ستان و هیچ ڕێگرییه‌كیان له‌ گێره‌شێوێنان نه‌كرد”.

كاردانەوەكانی بەرپرسانی عێراق چی بوو؟
فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەبارەی ڕوداوی هێرشكردنەسەر بارەگای پارتی ئەنجامدا، لیژنەیەكیش بۆ لێكۆڵینەوە لەو ڕوداوە پێكهێندرا.

لە ڕاگەیەندراوێكدا نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئێوارەی شەممە 17ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، “لەبارەی ڕوداوەكانی ئەمڕۆی بەغداد و پەلاماردان و سوتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئەنجومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانی كۆبووەوە”.

نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی كازمی ئەوەشی ئاشكراكردووە، “پرسی ڕوداوی هێرشكردنە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغداد تاووتوێكراوە، سەركۆنەی ئەو ڕوداوە كراوە”.

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیاردراوە دۆسییە بۆ ئەو ڕوداوە بكرێتەوە بە سەرۆكایەتیی ڕاوێژكاری ئەمنیی نیشتمانیی عێراق لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە بكرێت لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی هێزە ئەمنییەكان لە پاراستنی بارەگاكە و ناوچەكە، هەروەها دەستگیركردنی ئەو كەسانەی تێوەگلاون لە ڕوداوەكە كە “15 كەسی دەرچوو لە یاسا دەستگیركراون”.

وتەبێژێك بەناوی سەرۆكایەتیی كۆمار: بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان قابیلی قبوڵ نییە
وته‌بێژێک به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراقه‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا په‌لاماردانی باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستانی له‌ به‌غداد ئیدانه‌ كرد و ڕایگه‌یاند، سوتاندنی باره‌گا و شوێنه‌ گشتییه‌كان ناچێته‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی وڵات، به‌ڵكو ئاشته‌وایی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

هاوکات جه‌ختیش ده‌کاته‌وه‌ که‌ “بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان، که‌ خاوەن ڕەمزیه‌ت و پێگەی مێژووییه‌، قابیلی قبوڵ نییە”.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماردا، داوا له‌ حكومه‌تی عێراق كراوه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی خێرا ده‌ست پێ بكرێت و ئه‌وانه‌ی كه‌مته‌رخه‌من سزا بدرێن، له‌هه‌مان كاتیشدا داوا له ‌هه‌موو لایه‌نه‌كان ئه‌كات دان به‌خۆیاندا بگرن.

سەرۆكایەتیی كۆمار ڕاشیگەیاندووە، “هاریكاری و یه‌كڕیزی نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی دیکە سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر تیرۆر به‌ده‌ست هێنا، بۆیه‌ رێگه‌پێدراو نییه‌ ئه‌و قوربانییانه‌ تێكه‌ڵ به‌شتی لاوه‌كی و هه‌ڵچوون و ئاژاوه‌گێری بكرێن كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ به‌ سوتاندنی ئاڵای كوردستان گوزارشتیان لێكرد”.

هاوپەیمانییەكەی عەبادی داوای یەكڕیزیی نیشتمانی دەكات
لە ڕاگەیەندراوێكدا، هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق ڕایگەیاندووە، بە هەموو جۆرێك دەستدرێژی بۆ سەر بارەگا و ماڵ و موڵكە گشتییەكان ڕەت دەكاتەوە بەتایبەت لە بەغدادی پایتەخت، ڕەتیشی دەكاتەوە پەنا بۆ سوتاندنی ئاڵا ببرێت، داوا لە حكومەتی عێراقیش دەكات، پارێزگاری لە ئاسایش و باڵادەستی دەوڵەت بكات.

نەسر ئاماژەی بەوەشكردووە، “پێشمەرگە و حەشدی شەعبی شانبەشانی یەكتر دژ بە تیرۆریستان جەنگاون، بۆیە دروستكردنی دوژمنایەتی لەنێوانیاندا حەكیمانە نییە”.

فەتح: ئاڵای كوردستان ڕێزلێگیراوە و سوتاندنی قابیلی قبوڵ نییە
هاوپەیمانیی فەتح-ی هادی عامری كە وەك لایەنێكی پشت پەلامارەكەی سەر بارەگای پارتی لە بەغداد دەبینرێت، ڕایگەیاند، سوتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لای ئەوان كارێكی ڕەتكراوەیە و ئاڵای كوردستانیش ڕێزلێگیراوە.

ئەحمەد ئەسەدی، وتەبێژی هاوپەیمانیی فەتح كە لەلایەن هادی عامری-یەوە سەركردایەتی دەكرێت ڕایگەیاندووە، “سوتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لای ئێمە ڕەتكراوەیە، ئاڵای كوردستان ڕێزلێگیراوە و بەهەموو جۆرێك دەستدرێژی بۆ سەری ڕەت دەكەینەوە، چونكە سمبوڵی هەرێمی كوردستانە”.

وتەبێژەكەی فەتح ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ڕاگەیەندراوەكەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەكردووە، سەرجەم بارەگاكانی حزبەكان ڕێزلێگیراون، هەروەها هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لە گەلی عێراق و ڕێز لە ڕاگەیاندن و سمبوڵ و كەسایەتییە سیاسی و گروپەكانیان دەگرین”.

لە كۆتایی وتەكانیدا، ئەحمەد ئەسەدی ئەوەی ڕاگەیاندووە، “دەستدرێژ و سوتاندنی ئاڵای كوردستان سەركۆنە دەكەین، ئەوە كارێكی كەسییە و جێی قبوڵ نییە”.

فەتح یەكێك بوو لەو لایەنانەی بە تەواوی وتەكانی هۆشیار زێباری ڕەت كردەوە كە دژ بە حەشدی شەعبی كردبوونی، پێشتریش داوایان لەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی كرد “داوای لێبوردن لە حەشدی شەعبی بكات”.

بابەتی پێشتر

ئازەربایجان و ئەرمینیا رێککەوتن لەسەر ئاگربەستی کاتیی مرۆیی

بابەتی دواتر

كازمی: هه‌ندێك تێوه‌گلاومان ده‌ستگیر كرد به‌دوای ئه‌وانی تریشه‌وه‌ین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share