ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەواڵێكی ناخۆش لەبارەی دۆخی كۆرۆنا لە جیهان و كاریگەریی ڤاكسینەكان دەخاتەڕوو، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکەش دەڵێت، ڤاکسینەکانی کۆرۆنا ناتوانن جیهان لە زنجیرەی دەلتا بپارێزن.
تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە لێدوانێكیدا قسەی لەبارەی گۆڕاوە نوێكانی كۆرۆناوە كردووە، ئاشكرایكردووە، زنجیرەی گۆڕاوی دەلتا لانیکەم لە 98 وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوە، جەختیشیکردەوە، وڵاتانی جیهان پارێزراو نین لەو پەتایەی بەهۆی ئەو زنجیرەیەوە بڵاودەبێتەوە.
ئەدهانۆم دوو ڕێگای بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان خستەڕوو، یەکەمیان، پاراستنی دووریی کۆمەڵایەتی، بەکارهێنانی ماسک و کەرەنتین کردن، دووەمیش، هاوبەشیپێکردنی سەرجەم وڵاتانی جیهان لە هۆکارەکانی خۆپارێزی، ئۆکسجین و ڤاکسینەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.
پرۆگرامی (Science in 5)ی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کە لە پێگەی فەرمی ڕێکخراوەکە پەخشدەكرێت و تایبەتە بە گفتوگۆی زانستی بڵاویکردوە، گۆڕاوی دەلتا (هیندییەكە) دەتوانێت بەرگری بەرامبەر ئەو دژەتەنانە هەبێت، کە لە خوێنی مرۆڤدا هەن، بۆیە بەراورد بە گۆڕاوی ئەلفا (بەریتانییەكە) پێویستی بە ئاستێکی بەرزتری دژەتەن هەیە.
بەرنامەکە قسەی نوێی لەبارەی كاریگەریی ڤاكسینەكان كردووە، بەوەی دەلتا دەتوانێت بەرگری بەرامبەر هەموو ئەو جۆرانەی ڤاکسینیش بکات، کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تا ئێستا ڕێگەی پێداون بەپلەی جیاواز.
لەو وڵاتانەی ئێستا گۆڕاوی دەلتایان تێدا بڵاوبووەتەوە، توێژینەوە لەبارەی ئەو کەسانە دەکرێت کە ڤاکسینیان وەرگرتووە، تاوەکو بزانن ئایا ژمارەی ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و لەنەخۆشخانەکانن، بەراورد بە کەسانی ئاسایی کەمترە یان نا؟