داخستنیان هەڵەیە
هێرش سەید سەلیم: ناوەندەكانی خوێندن باشترین شوێنن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كۆرۆنا

خوێندكارێك لەكاتی تاقیكردنەوەدا فۆتۆ: ئێستا

جێگری بەڕێوبەری تەندروستیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئامارەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم ڕوو لە هەڵكشانە و دەشڵێت، داخستنی خوێندنگاكان پێچەوانەی ڕێكارە زانستییەكانە، چونكە ئەو ناوەندانە باشترین شوێنە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كۆرۆنا.

هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی ئازار بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئامارەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم ڕوو لە هەڵكشانە و، لەئێستاشدا لە سلێمانی كە دوو نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا ماوە ڕۆژانە حاڵەتەكان ڕوو لە زیادبوونە.

وتیشی، “لەئێستادا 13 حاڵەت لەژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی دكتۆر ئاسۆ و 70 حاڵەت لە نەخۆشخانەی شەهید دكتۆر هێمن هەن، كێشەكە ئەوەیە ڕێژەی داغلبوون زیاترە لە ڕێژەی دەرچوون لە نەخۆشخانەكان”.

هێرش سەید سەلیم ئاماژەی بەوەشدا، هۆشداریمانداوە لەبارەی ئەوەی هاوڵاتیان و دۆخی كۆرۆنا بە دوو ئاراستەی پێچەوانە هەنگاو دەنێن، ئامارەكانی توشبوون بەرزن، بەڵام هاوڵاتیان پابەندنابن بە ڕێكارەكانەوە و ئەمەش وایكردووە ئامارەكان بەرەو قۆناغی خراپتر بڕوات، بۆیە ئێمە جەخت لەسەر چڕكردنەوەی تاكپارێزی دەكەینەوە.

ئەوەشی ڕونكردەوە، ئەو بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئاینی و ڤیستیڤاڵانەی لەم مانگە ئەنجامدراون بارودۆخەكەی بە “ئاقارێكی خراپتردا” بردووە و، لەبەرامبەردا بەهۆیەوە خوێندكار بووەتە قوربانی.

جێگری بەڕێوبەری تەندروستیی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ناوەندەكانی خوێندن باشترین شوێنن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەبەر ئەوەی ئەگەر خوێندكارێك توشبێت، دەتوانرێت دەستنیشانی بەركەوتەكانی بكرێت و پۆلەكەی دابخرێت، بەڵام لە ڤیستیڤالێكدا دوو كەس تووش بێت، كێ دەدۆزرێتەوە لەناو ئەو هەموو خەڵكەدا؟!

دوپاتیشیكردەوە، “بۆیە ئێمە پێمانوایە ئەم دۆخەی ئێستا پێچەوانەی ڕێكارە زانستییەكانە”.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. ئاسایشی نیشتیمانی ساتی كوژرانی بازرگانی مادە هۆشبەرەكە بڵاودەكاتەوە

بابەتی دواتر

سلێمانی.. كرێكارێكی گەنج لەكاتی كاركردندا گیانی لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share