وەزیری پەروەردە: پێشنیاز دەکەین ساڵی نوێی خوێندن پێش وادەی خۆی دەستپێبكاتەوە

وەزارەتی پەروەردە پێشنیازی دەستپێکردنەوەی ساڵی داهاتووی خوێندن پێش وادەی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەکات و دەیەوێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەربدات، وەزیری پەروەردەش سەبارەت بە پێشنیازی خوێندنی زاراوە هەورامی، كە لەلایەن وەزیری رۆشنبیرییەوە داواكراوە، دەڵێت، “دیراسەی دەکەین”.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەمیانی دانانی بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی خوێندنگەیەک لە شاری سلێمانی، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند، “لە 24ی حوزەیران ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبووەوە و بڕیارماندا پێشنیازی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن زووتر لە وادەی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بکەین، چونکە ئەوە لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەدا نییە”.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ئەو سیستمەی لە ساڵی 2006 بەناوی سیستمی قوتابخانە بنەڕەتییەکان دەرچووە، وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی پێدراوە لەدوای 15ی ئەیلولەوە بڕیار لە کاتی دەستپێکردنی خوێندن بدات، بۆیە بۆئەوەی بەر لەو وادەیە خوێندن دەستپێبکاتەوە، دەبێت ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران وەربگیرێت.

وتیشی، “ئێمە پێشنیاز دەکەین زووتر خوێندن دەستپێبکاتەوە بۆئەوەی ماوەیەک دابنرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندکاران و قوتابیان بەشێوەی قۆناغبەندی، بازنەی یەکەم لە 1/9 خوێندنیان دەستپێبکات، کە قۆناغەکانی یەک تا شەش دەگرێتەوە، بازنەی دووەم 11/9 دەستپێبکات کە قۆناغەکانی  7، 8 و 9 دەگرێتەوە، هەروەها بازنەی سێیەم کە قۆناغەکانی 10، 11، 12 دەگرێتەوە و لە 16ی ئەیلولەوە دەستپێدەکات کە ئەوە لەدەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەدایە”.

وەزیری پەروەردە باسی لەوەشکرد، دەیانەوێت ساڵێکی خوێندنی ئاسایی بەڕێبکەن، “ئەگەر دۆخی تەندروستی و ڤایرۆسی کۆرۆنا بەمشێوەیەی ئێستا بێت دەتوانین بەخۆپارێزییەوە ساڵێکی ئاسایی بەڕێبکەین”.

دڵنیاییشیدا ڕێژەی چاپکردنی کتێب %100 دەبێت، پەرتوکی سەرجەم قۆناغەکان لەکاتی خۆیدا دەگاتە سەرجەم پەروەردەکان و سوتەمەنی و پێداویستییەکانی دیکەش دابیندەکرێت.

بەوتەی وەزیری پەروەردە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی نۆی بنەڕەتی بڵاودەکەنەوە.

ئالان حەمە سەعید لەبارەی نوسراوێکی حەمەی حەمە سەعید وەزیری ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی زاراوەی هەورامی لە پرۆگرامی خوێندندا، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم وتی، “تائێستا ئەو نوسراوەمان بە فەرمی بەدەستنەگەیشتووە بەڵام ئەگەر نوسراوەکەمان پێبگات دیراسەی دەکەین”.

بابەتی پێشتر

داعش لە ناوچە دابڕێنراوەکان و تورکیا لە هەرێم ستوونەکانی کارەبا دەکەنە ئامانج

بابەتی دواتر

سەختیی ژیان ژنانیشی بەرەو کۆڵبەری برد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share