بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، لە ئێستادا زیاتر لە 13 مێگاوات كارەبای وزەی خۆر دانراوە کە بەشێکیان لەلایەن هاوڵاتییانەوە دانراوە.
شادمان شوكری سەعید لێپرسراوی بەشی وزە نوێبووەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی رایگەیاند” لە سنووری پارێزگای سلێمانی، رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئەو كەسانەی سستمی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر دادەنێن روو لە زیادبوونە، تا ئێستا ئەوانەی كە سیستمەكەیان داناوە و لای ئێمە تۆماریكردووە گەشتووەتە 441 شوێن، كە بەشێكیان ماڵان و بەشێكیشی هاوبەشی بارزگانی و پیشەسازین كە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 13 مێگاوات كارەبایان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو کەس و شوێنانەی سیستمی وزەی خۆریان داناوە زۆر لەوە زیاتر، بەڵام لە فەرمانگەكانی كارەبا تۆماری ناکەن.
داواشیكرد، هەر كەسێك سیستمی وزەی خۆری داناوە، لە رێگەی بەرێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبا، تۆماریبكەن، تا سوود لەو بڕیارە وەربگرن، كە ئەوەی زیاد لە پێویستی خۆیانە و دەچێتەوە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی، لە سەری مانگ بۆیان بگەڕێنرێتەوە.
بە پێی بڕیارێكی وەزارەتی كارەبا هەر هاوبەشێكی كارەبا سیستمی وزەی خۆر دابنێت و تۆماری بكات، ئەو بڕە كارەبایەی دەگێڕێتەوە بۆ ناوی تۆڕی كارەبای نیشتمانی مانگانە بەشێوەی مەقاسە لە خەرجی كارەبا نیشتمانیی دەردەكرێت، بەمەش مانگانە دەتوانرێت خەرجی كارەبا كەم بكرێتەوە.